بەمشێوازە مووچەی فەرمانبەرانی‌ هەرێم زیاد دەكات

18/08/2019 - 08:46 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

 

پەرلەمانتارێكی‌ كورد لەبەغدا ڕوونكردنەوە لەبارەی‌ بڕگەیەكی‌ یاسای بودجەی (2019) ی عێراق دەدات، كە تایبەتە بەناردنی‌ لیستی‌ مووچەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێم بۆ عێراق، دەشڵێت: ئەگەر لیستەكان ڕەوانەی‌ بەغدا بكرێت مووچەی فەرمانبەرانی‌ هەرێم زیاد دەكات.

(غالب موحەمەد) پەرلەمانتاری كورد لەبەغدا ئاماژە بەوەدەكات، دەبێت وەزیری دارایی عێراق داوای لیستی‌ مووچەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێم بكات و تا (31-12-2019) یش هیچ گرفتێك دووچاری‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێم نابێت، بەڵام دوای‌ ئەوە یاسای بودجە گۆڕانكاری بەسەردادێت.

ناوبراو رونیشیكردەوە، ئێستا حكومەتی‌ بەغدا پارەو بودجە بۆ هەرێمی‌ كوردستان لەسەر بنەمای‌ ژمارە دەنێرێت، بەڵام كاتێك لیستی مووچەخۆران ڕەوانەی بەغدا دەكرێت، ئەوا ژمارەو پلەی مووچەخۆران دیاریدەكرێت، حكومەتی‌ عێراقیش ناچاردەبێت لەبری‌ ئەوەی‌ پارە لەسەر بنەمای‌ فەرمانبەر ڕەوانە بكات، ئەوا لەسەر بنەمای‌ پلەو ژمارەكانیان مووچە ڕەوانە دەكات.

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەش وادەكات مووچەی فەرمانبەرانی‌ هەرێم زیاد بكات كاتێك كە بەغدا پارە بۆ هەرێم دەنێرێت لەسەر ئەو بنەمایە پارەكە ڕەوانە دەكات.

هێمای بۆ ئەوەشكرد، ئەوەی‌ دەوترێت ئەگەر لیستی‌ مووچەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێم و هێزە ئەمنیەكان ناكرێت ڕەوانەی‌ بەغدا بكرێت لەبەر لایەنی‌ ئەمنی‌، هیچ بنەمایەكی‌ نییە، بەپێچەوانەوە دەبێت لیستی‌ مووچە ڕەوانە بكرێت ئەوكات هەر بەڕێوەبەرێكی‌ گشتی یاخود مووچەخۆرێك بەگوێرەی‌ پلەكەی‌ موچەی‌ بۆ ڕەوانە دەكرێت.

(غالب موحەمەد) وتیشی: ئەگەر لەسەر بنەمای‌ (682) هەزار مووچەخۆرەكە پارە ڕەوانە بكات بەنموونە بگوترێت پێنج تریلیۆن دینار ڕەوانە دەكرێت كاتێك لیست و پلەی‌ مووچەخۆر ڕەوانە دەكرێت، ڕەنگە بكاتە شەش تریلیۆن دینار، بۆیە باشترە حكومەت ئەو لیستی‌ مووچەخۆرانەی‌ ڕەوانەی بەغدا بكات.