قایمقامی سلێمانی هەواڵێكی دڵخۆشكەری راگەیاند

19/08/2019 - 08:59 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

 

قایمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە بازاڕەكانی سلێمانیدا زەرفی پێویست نییە، كە خواستی نانەواخانەو سەموونخانەكان پڕبكاتەوە، بۆ ئەوەش لەهەوڵدان لەڕێگەی بازرگانانەوە زەرف هاوردە بكەن تاوەكو كارگەكانی ناوخۆ دەكەونەكارو بەرهەمی پێویست بەرهەم دەهێنن.

(ئاوات موحەمەد) قایمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی رایگەیاندووە، لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی لەهەوڵدان تاوەكو نرخی كارەبا بۆ نانەواخانەو سەموونخانەكان دابەزێنن بۆئەوەی نرخی زیاتر لەسەر كڕیاران دانەنێن.

قایمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی وتیشی، دەمانەوێت لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق رێكبكەوین بۆ دانانی چەند كارگەیەكی دروستكردنی ئاردی تایبەت بە نان و سەموون.

ئەوە لە كاتێكدایە، نزیكەی هەزار نانەواخانەو سەموونخانە لە سلێمانی هەن، قایمقامییەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی بڕیاریداوە لەبری بەكارهێنانی زەرفی نایلۆن (عەلاگە) زەرفی كاغەز بەكاربهێنێت.

جێگەی باسە نرخی 100 زەرفی نایلۆن بە 1000 دینارە، بەڵام نرخی 100 زەرفی كاغەز 2000 دینارە.