له‌ هه‌رێم تۆماركردنی سكاڵا ده‌كرێته‌ ئه‌لكترۆنی

19/08/2019 - 16:02 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

بڕیار وایه‌ له‌مه‌ودوا هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ر شوێنێك بن، ده‌توانن له ‌رێگه‌ی ئه‌لكترۆنی و ‌سایتی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ سكاڵا تۆمار بكه‌ن، دواتریش هه‌ر له‌رێگه‌ی ئه‌لكترۆنی ئه‌نجامی سكاڵاكه‌یان بۆ ره‌وانه‌ ده‌كرێتە‌وه. 


محه‌مه‌د گۆمه‌شینی راگەیاند"یه‌كێ له‌و ئه‌ركانه‌ی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌ هه‌رێمی كوردستان جێ به‌جێی ده‌كات، کە هاووڵاتیان سكاڵا تۆمار ده‌كه‌ن له‌سه‌ر پێشێلكارییه‌كان، یاخود له‌سه‌ر ده‌زگا حكوومیه‌كان، یا ده‌یانه‌وێ په‌یامێكیان بگات، دیاره‌ به‌شێك له ‌هاووڵاتیان به‌هۆی گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی، یا كلتووری ناتوانن سه‌ردانی ده‌زگا حكوومیه‌كان، یان نووسینگه‌كانی مافی مرۆڤ بكه‌ن، ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ بۆ سوودبینین له‌ ته‌كنه‌لۆژیا، له ‌رێی فۆڕمێكی ئۆنلاینه‌وه‌ كه ‌له ‌سایتی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ ده‌كرێته‌وه،‌ ده‌توانن له‌و رێگه‌یه‌وه‌ سكاڵا تۆمار بكه‌ن".


ناوبراو وتیشی: "هه‌ركاتێ رێكاره‌كان ته‌واو بن بۆ كردنه‌وه‌ی فۆرمه‌كه،‌ ئه‌وكات هاووڵاتیان ده‌توانن له‌ هه‌ر شوێنێكی كوردستان بن، سكاڵا تۆمار بكه‌ن و ئێمه‌ش سكاڵاكه‌یان له ‌رێگه‌ی تیمی تایبه‌تی خۆمان وه‌رده‌گرین و، به‌دواداچوونی بۆ ده‌كه‌ین و دواتر هه‌ر له ‌رێگه‌ی ئه‌وفۆڕمه‌وه‌ وه‌ڵامی سكاڵاكه‌شیان ده‌ده‌ینه‌وه"‌ .
گۆمه‌شینی بۆ سایتی پارتی باسی له‌وه‌شكرد، له ‌ئێستادا كار له‌ سه‌ر به ‌ئه‌لیكترۆنیكردنی سكاڵا تۆماركردن ده‌كرێت و له ‌چه‌ند رۆژی داهاتوو ده‌كه‌وێته‌ كار و هاوڵاتیان ده‌توانن سكاڵا تۆمار بكه‌ن.