ناوەڕۆكی یەكێك لە كۆبوونەوەكانی نیوان پارتی و یەكێتی لەگەڵ توركمان و عەرەب ئاشكرادەكرێت

19/08/2019 - 16:14 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

وەفدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی لەبارەی دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك لەگەڵ هەردوو پێكهاتەی عەرەب و توركمان كۆدەبنەوەو بەرپرسێكی یەكێتیش ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە ئاشكرادەكات و راشیدەگەیەنێت"پێویستە یەكێتی و پارتی كۆبوونەوەی ئەنجومەن ئەنجامبدەن و پارێزگارێكی كورد هەڵبژێرن".

عاسی عەلی جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی یەكێتی لەكەركوك،ڕایگەیاند، رۆژێك پێش جەژن وەفدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی لەگەڵ هەردوو پێكهاتەی توركمان و عەرەب كۆبوونەتەوە لەبارەی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگاو هەڵبژاردنی پارێزگار، بەڵام هەردوو پێكهاتەكە بیانووی جۆراوجۆریان هەبووەو هەڵوێستیان باش نەبووە.

وتیشی:"لەكۆبوونەوەكەدا توركمان داوای كردوە پۆستی پارێزگاری شارەكەیان پێبدرێت و بۆماوەیەك ئەو پۆستە بۆ ئەوان بێت، لەبەرامبەریشدا عەرەبەكان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە پارێزگاری كەركوك لای ئەوان بمێنێتەوە".

ئاشكراشیكرد، وێڕای ئەو هەڵوێستانەیان، بەڵام تائێستا كورد لەگەڵ توركمان و عەرەب نەگەیشتۆتە بنەبەست و دانوستان و گفتوگۆكان بەردەوام دەبن.

بەوتەی ئەو بەرپرسەی یەكێتی كە بە سایتی سلیمانی ڕاگەیاندوە ، ئەگەر توركمان و عەرەب بەردەوام بن لەسەر ئەو هەڵوێستانەیان و كێشە دروست بكەن، ئەوە پێویستە یەكێتی و پارتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا ئەنجام بدەن و بەزۆرینەی دەنگ پارێزگارێكی نوێ هەڵبژێرن، ئەمەش رێكارێكی یاساییەو بەغداش ناچارە دان بە پارێزگارە نوێیەكە بنێت.