داواده‌كرێت سەربازگرتنی ناچاری له‌ هه‌رێم جێبه‌جێ بكرێت

19/08/2019 - 17:23 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

لەبارەی پرۆژەیاسای بە سەربازگرتنی ناچاری روونكردنه‌وه‌ ده‌درێت و پەرلەمانتارێكی كوردستانیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت"دەبێت هەرێم پێش عیراق یاسای بەسەربازگرتنی ناچاری جێبەجێ بكات".
ناسڕ یوسف ئەندامی پەرلەمانی عیراق لەبارەی پرۆژەیاسای بە سەربازگرتنی ناچاری رایگه‌یاند"ئەو بیرۆكەیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەیە و لەناو لیژنەی ئاسایش و بەرگریدا باسكراوە، بەڵام نەبۆتە بڕیار".
هاوكات بڕیارەكەی بە باشزانی بەڵام وتی "دەبێت لە بارودۆخێكدا بێت، كە متمانە لەناو پێكهاتەكانی عیراقدا هەبێت نەك سوپایەك بێت رێژەی كورد تێیدا 1% بێت".
هاوكات عوسمان سێدەری جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئەنجومەنە خۆجێییەكان لە پەرلەمانی كوردستان بۆ رادیۆی نه‌وا ئاماژەی بەوەدا، كە دەبێت هەرێمی كوردستان چاوەڕێی عیراق نەكات و یاسای جیا بۆ بەسەربازگرتنی ناچاری جێبەجێ‌ بكات و پێشمەرگەی نیشتمانی پێكبهێنرێت.
وتیشی "ئەگەر ئەم یاسایە بۆ عیراق گرنگ بێت، ئەوا بۆ هەرێمی كوردستان گرنگترە، چونكە گەنج هەیە خوازیاری ئەوەیە كارێكی هەبێت یان كاتی زۆری هەیە و سەرقاڵی فەیسبوكە، بە رۆژ درەنگ هەڵدەستێت لە خەو یان شەوان درەنگ دەخەوێت، لەكاتێكدا سەربازیكردن تایمی مرۆڤ دەدات و بەهێزیان دەكات".