موچه‌ی خانه‌نشینی گۆڕانكاری تێدا ده‌كرێت

20/08/2019 - 10:40 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

حكومه‌تی هه‌رێم گۆڕانكاری له‌ پڕۆژه‌یاسای چاكسازی ده‌كات و یه‌كێك له‌گۆڕانكارییه‌كانیش ده‌ستكاریكردنی موچه‌ی خانه‌نشینانه‌، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی یاسایی له‌په‌رله‌مانی كوردستانیش رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام یاسای خانه‌نشینی عیراق وه‌كخۆی له‌هه‌رێم جێبه‌جێبكرێت، به‌ڵام حكومه‌ت ئه‌وه‌ ناكات، ئه‌گه‌ر كه‌مترین موچه‌ی خانه‌نشینی بكرێت به‌ 400 هه‌زار دینار بۆ ئه‌م قۆناغه‌ زۆرباش ده‌بێت.

له‌ئێستادا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران لیژنه‌یه‌كی پێكهێناوه‌ بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌پڕۆژه‌یاسای چاكسازی له‌موچه‌و ده‌رماڵه‌و خانه‌نشینی، یه‌كێك له‌داواكارییه‌كانیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌مترین موچه‌ی خانه‌نشینی بكرێت به‌ 400 هه‌زار دینار.

ماڵپه‌ڕی تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی له‌وباره‌یه‌وه‌ بڵاویكردۆته‌وه‌، به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست كه‌وتووه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خانه‌نیشنی، پێشترو ئێستاش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان یاسای ژماره‌ 9ی ساڵی 2014ی عیراق وه‌كخۆی له‌هه‌رێم جێبه‌جێبكرێت، چونكه‌ له‌یاساكه‌ی عیراقدا گۆڕانكارییه‌كان هه‌موو ئاسته‌كانی گرتۆته‌وه‌ نه‌ك ته‌نیا كه‌مترین موچه‌.

هه‌ر له‌زانیارییه‌كاندا هاتووه‌، ئه‌گه‌ر له‌هه‌رێم ته‌نیا كه‌مترین موچه‌ی خانه‌نشینی بكرێت به‌ 400 هه‌زار دینار، ده‌بێت موچه‌ی خانه‌نشینی بڕی (16 بۆ 17) ملیار دیناری دیكه‌ی بخرێته‌سه‌ر، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یاساكه‌ی عیراق وه‌كخۆی له‌هه‌رێم جێبه‌جێبكرێت و گۆڕانكاری له‌هه‌موو موچه‌ی خانه‌نشینان بكرێت، ئه‌وكاته‌ پێویسته‌ (40 بۆ 50) ملیار دیناری دیكه‌ بخرێته‌سه‌ر موچه‌ی خانه‌نشینی.

لای خۆشیه‌وه‌ عه‌باس فه‌تاح، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی یاسایی له‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌، حكومه‌ت لیژنه‌ی بۆ پڕۆژه‌ی چاكسازی پێكهێناوه‌و ره‌نگه‌ ماده‌كانی وه‌كخۆی نه‌مێنێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وكاته‌ش زۆر پابه‌ند ده‌بین، كه‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یمان به‌ده‌ست بگات.

وتیشی: "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام یاسای خانه‌نشینی عیراق وه‌كخۆی له‌هه‌رێم جێبه‌جێبكرێت، به‌ڵام حكومه‌ت ئه‌و كاره‌ ناكات، چونكه‌ بارگرانییه‌كی زۆری دارایی دروست ده‌كات، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كه‌مترین موچه‌ 400 هه‌زار دینار بێت بۆئه‌م قۆناغه‌ زۆرباشه‌، با بزانین ده‌توانین كامیان جێبه‌جێ بكه‌ین".