بڕیاری خەرجكردنی دەرماڵەیەك بۆ فەرمانبەران دەدریت

admin 20/08/2019 - 10:46 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری خەرجكردنی دەرماڵەی مەترسی بۆ بەشێكی فەرمانبەرانی وەزارەتی شارەوانی دەردەكات. بەرپرسێكیش روونكردنەوە لەسەر بڕیارەكە دەدا.

بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دراوە، كەوا بڕیاردراوە بە خەرجكردنی30%ـی دەرماڵەی مەترسی لە مووچەی بنەڕەتی بۆ فەرمانبەرانی " ئەندازیاری كشتوكاڵ و ڕابەری كشتوكاڵ و چاودێر و باخەوان" لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار.

عەبدولواحید ئەحمەد،بەرِێوەبەری گشتی ئەندازەی پارك و باخچەكانی هەولێر بە (باس)ی راگەیاند پێشووتر رێنماییەك هەبوو، بۆ ئەو دەرماڵەیە، بەڵام دارایی رێنمایەكی تری دەركردووە، گوتی: "بەپێی رێنمایی پێشوو تەنها ئەوانەی لە نێو پڕۆژە بوون دەرماڵەی ترسناكی دەیگرتنەوە، ئەوانەی تر نەیدەگرتنەوە، بۆیە نوسراومان كرد بۆ ئەوەی فروانتر بكرێت داراییش رێنمایی تازەی دەركردووە".

روونی كردەوە ئەندازیاری كشتوكاڵ و ڕابەری كشتوكاڵ و چاودێر و باخەوان دەرماڵەكەیان بۆ خەرج دەكرێت، گوتی:" مەرجەكە ئەوەیە ئەو كەسانە لە دەرەوی فەرمانگە و لە نێو كێڵگە و باخچەكان كار بكەن ئەوانەی لە نێو فەرمانگەن پێیان نادرێت، پێشووتر ئەوانەی نێو فەرمانگە بۆیان خەرج دەكرا".

ئاماژەی بەوەشدا ئەو كارمەندەی شایەن بێت و دەرمانی قڕكەر و دەرمانی مەترسیدار لە كارەكەی بەكاربهێنێت بۆی خەرج دەكرێت، گوتی:" لیژنەی دەرماڵەی بەڵێننامە بەو كەسانە پڕ دەكاتەوە بۆ ئەوەی لە كاتی هەبوونی دەرمان دەرمانەكە بەكاربهێنێت،ئەوەی ئامادە نەبوو ئەو كارە بكات ئەوە راستەوخۆ دەرماڵەكەی دەبڕدرێت".

پێشووتارەتی دارایی بە هەڵە بە وەزارەتی شارەوانی راگەیان بوو ئەو دەرماڵەیە لە 1ی 6ی 2019وە خەرج بكرێت بەڵام بە نوسراوێكی تر جەختی كردۆتەوە لە 1ی 1ی ی 2019وە ئەو دەرماڵەیە مانگانە لەگەڵ مووچە دەدرێت و بۆیان خەرج دەكرێت.

دارایی دووپاتی كردۆتەوە ، ئەو دەرماڵةیە تەنیا ئەو كەسانە دەگرێتەوە بە كردەیی لە باخچەكان كار دەكەن ،نابێت دەرماڵەی مەترسیی تری هەبێت و نابێت كەسەكە لە مۆڵەتدا بێت، چونكە ئەو دەرماڵەیان لێ دەبرێت مەگەر مۆڵەتی ئاسایی هەبێت بۆ 3 رۆژ ئەوە نابڕدرێت زیاتر بێت دەبڕدرێت

ئەگەر فەرمانبەرێك 500 هەزار مووچەكەی بێت ئەوە 150 هەزار دیناری مانگانەی بۆ خەرج دەكرێت و ئەو زیادەیە دەچێتە سەر مووچەكەی.