بەهۆی تاوانێك 32 كەس دەستگیر دەكرێت

20/08/2019 - 16:07 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


له‌ماوه‌ی سێ مانگی ڕابوردوودا 32 كه‌س به‌ تۆمه‌تی به‌كارهێنان و بازرگانیكردن به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ سنوری ده‌ڤه‌ری سۆران ده‌ستگیركراون.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 20ی ئابی 2019 بنكه‌ی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانی سۆران ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تیایدا ئه‌وه‌ی ڕونكردوه‌ته‌وه‌ كه‌: له‌سه‌ره‌تای مانگی ئایاری ئه‌مساڵ تا ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 20ی ئاب، 32 كه‌س به‌ تۆمه‌تی ئاڵوده‌بوون، به‌كارهێنان و بازرگانیكردن به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ سنوری هه‌رچوار قه‌زای سۆران، چۆمان، رواندزو مێرگه‌سۆر ده‌ستگیركراون.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ كه‌: ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستگیركراون هاووڵاتی سنوره‌كه‌و شاره‌كانی ترو هاووڵاتی به‌ڕه‌گه‌ز ئێرانیشیان تێدایه‌.

له‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌دا باس له‌وه‌شكراوه‌: سه‌رجه‌م ئه‌و هاووڵاتیانه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشی سنوره‌كه‌ ده‌ستگیركراون و ڕه‌وانه‌ی دادگای تایبه‌تمه‌ند كراون.

به‌پێی ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌ڤه‌ری سۆران هاوسنوری هه‌ردوو وڵاتی ئێران و توركیایه‌، ساڵانه‌ سه‌دان كه‌س له‌سه‌ر بازرگانیكردن و به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیرده‌كرێن، هه‌فته‌ی ڕابردووش هاووڵاتییه‌كی دانیشتووی سۆران كه‌ له‌ڕێگه‌ی ئه‌كاونتێكی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك ڕیكلامی بۆ فرۆشتنی مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌كرد ده‌ستگیركراو ڕه‌وانه‌ی به‌رده‌م دادگا كرا.