شوقه‌ به‌سه‌ر كرێنشینان دابه‌شده‌كرێت

20/08/2019 - 16:20 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

بڕیار وایه‌ له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا چه‌ند شوققه‌یه‌ك به‌سه‌ر كرێنشینان و كه‌مده‌رامه‌ته‌كاندا دابه‌ش ده‌كه‌ن.
دانا عه‌بدولكه‌ریم وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن له‌ حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند "ئه‌و شوققانه‌ بۆ خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت دروستكراون، ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ئه‌و لایه‌نانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ بابه‌تی كرێنشینان بۆئه‌وه‌ی به‌شێوه‌ی قیست به‌ خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت و كرێنشین بدرێت، كه‌ ژماره‌یان 396 شوققه‌یه‌".
وتیشی "پڕۆژه‌كه‌ له‌ ساڵی 2012ه‌وه‌ ده‌ستیپێكردوه‌ و كۆی گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا نۆ هه‌زار و 400 شوققه‌ن و له‌ هه‌ریه‌ك له‌ شاره‌كانی هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆك ده‌بن، به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ پڕۆژه‌كان وه‌ستابون، ئێستاش پاره‌ ته‌رخانكراوه‌ بۆ ئه‌و شوققانه‌ی ته‌واوكراون تاوه‌كو خزمه‌تگوزارییان بۆ دابین بكرێت و دواتر دابه‌ش ده‌كرێن".
شوققه‌كانی هه‌ولێر ده‌كه‌ونه‌ سنوری قه‌زای ده‌شتی هه‌ولێر سه‌ربه‌ پارێزگای هه‌ولێر، هه‌ر تاوه‌ری له‌ سێ نهۆم پێكدێت و له‌ئێستادا كاره‌كانی خزمه‌تگوزاری وه‌ك كاره‌با و قیرتاوكردنی كۆڵانه‌كان ماوه‌ و بڕیاره‌ له‌ دوو مانگی داهاتوودا كاره‌كانی ته‌واو بكرێت و به‌سه‌ر كرێنشیناندا دابه‌ش بكرێت.
هه‌روه‌ها دانا عه‌بدولكه‌ریم وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نوسان رایگه‌یاند، له‌ پلانی چوار ساڵی ئاینده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندایه‌ جوت سایدی سلێمانی-كه‌لار ته‌واو بكرێت و له‌و ماوه‌یه‌شدا تونێلێكی نوێ بۆ ده‌ربه‌ندیخان دروست ده‌كرێت.