بڕیارە كاری پەرلەمانتاری لە هەمیشەییەوە بكرێت بە گرێبەست

20/08/2019 - 16:32 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

جێگری سەرۆکی لێژنەیەکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد کە بەپێی یەکێک لەو خاڵانەی پڕۆژەیاسای چاکسازی کە کاری لەسەر دەکرێت، کاری پەرلەمانتاری لە کارێکی هەمیشەییەوە بۆ گرێبەست دەگۆڕدرێت.

سه‌عید مسته‌فا ته‌ته‌رخان، جێگری سه‌رۆكی لێژنه‌ی ده‌ستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان  ڕایگەیاند: "له‌دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، باس له‌ پڕۆژەی چاكسازی كراوه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ ره‌وانه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكرێت“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە دوای پشووی پەرلەمان، ”بڕیارە یه‌كه‌م هه‌نگاو ئه‌و پرۆژه‌یه‌ بێت".

تەتەرخان  بۆ باس ڕوونیشی کردەوە کە داوا کراوە سەرۆکی فراکسیۆنەکان و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەشداری لە هەموارکردنەوەی پڕۆژەیاساکەدا بکەن، چونکە پێشووتر ئه‌و پڕۆژەیە هاتووه‌ته‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام گەڕێندراوەتەوە بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، بۆیه‌ پێویستی به‌ پێداچوونه‌وه‌ هه‌یه‌".

بە گوتەی جێگری سەرۆکی لێژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان، پڕۆژەیاساکە چەند خاڵێکی گرنگی تێدایە کە دیارترینیان، کەمکردنەوەی مووچەی پلە تایبەتەکان، گۆڕینی کاری پەرلەمانتاری لە کارێکی هەمیشەییەوە بۆ گرێبەست و چەندان خاڵی دیکە، بەڵام دواجار پەرلەمان بڕیار لەسەر پڕۆژەیاساکە دەدات.