لە كوردستان گۆڕەپانێكی ئاهەنگ و بۆنەكانیان لئ كرایە گۆڕستان

20/08/2019 - 17:12 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

دوای ھەڵدانەوەی ١٧ گۆڕی بەکومەڵ لە گوندی کوچۆ، بڕیارە لەکۆتایی ئەم مانگەدا ته‌رمه‌ ده‌رهێنراوه‌كان، کە ژمارەیان ٥١٧ روفات دەبن، لە گۆڕستانێکى گوندەکە بەخاکبسپێردرێنه‌وه‌.

فەیسەل عەلی، چالاکی ئێزدی رایگەیاند"بڕیارە لە ٢٨ی ئەم مانگەدا رێوڕەسمی بەخاسپاردنی ٥١٧ روفاتی ھاووڵاتیانى ئێزدی، کە لە ١٥ی ئابی ٢٠١٤ لە گوندى کوچۆ کومەڵکوژکرابوون، بەڕێوه‌بچێت".

فه‌یسه‌ڵ ده‌ڵێت: "پێشتر ئەو شوێنە گۆڕەپانی شایی و چالاکی و بۆنە تایبەتەکان بووە، دوای جینوسایدی شنگال و کومەڵکوژکردنی خەڵکی ئەو گوندە، ئەم ساڵ گۆڕەپانەکە کرایە گۆڕستان".

چالاكوانه‌ ئێزدیه‌كه‌ بۆ دواڕۆژ وتیشى: "ساڵی ٢٠١٤ بۆ ماوەی ١٢ رۆژ گوندی کوچۆ لەلایەن چەکدارانی داعش-ەوە گەمارۆ درابوو، دواتر ھێرشیانکردە سەر گوندەکە و٤٠٠ پیاو و ٧٨ ژنی بەتەمەنیان ره‌شه‌كوژ كرد".

گوندی کوچۆ بە دووریی ٢٥ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری قەزای شنگال و پێش ھێرشی داعش ژمارەی دانیشتوانه‌كه‌ى هه‌زار و 700 کەس بووە كه‌ هه‌زار و200 ژن و منداڵیان لەلایەن چەکدارانی داعشه‌وه‌ رفێندران.

لە رۆژی یەکەمی ھێرشی داعش بۆ سەر شنگال ھەزار و ٢٩٣ کەس شەھیدبوون. ٨٠ گۆڕی بەکۆمه‌ڵ لە دەوروبەری شنگال دۆزراونەتەوە. ٦٨ مەزارگەی ئێزدیەکان تەقێنراونەتەوە. تائێستا زیاتر لە سێ ھەزار و٥٠٠ کەس لە دەستی چەکدارانی داعش رزگارکراون.