هۆكارەكەی بزانە .. دەرمانخانەكان دادەخرێن

20/08/2019 - 18:13 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


سه‌رۆكى لیژنه‌ى ده‌رمانخانه‌ و تاقیگه‌ پزیشكیه‌كان له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانى قایمقامیه‌تى كه‌لار رایده‌گه‌یه‌نێت: دواى ئه‌وه‌ى مۆڵه‌تمان به‌ ده‌رمانخانه‌كاندا ئه‌وانه‌ى مۆڵه‌تى پزیشكى ده‌رمانسازیان نییه‌ له‌ ماوه‌ى دوو مانگدا یان كاره‌كانیان یاسایى بكه‌ن به‌ دابینكردنى پزیشكى ده‌رمانساز یان داخستیان بۆ ده‌كرێت، ئیدى ده‌ست به‌ كاره‌كانمان ده‌كه‌ین بۆ داخستنى ئه‌وانه‌ى كه‌ به‌پێى یاسا نابێت ده‌رمانخانه‌یان هه‌بێت".

پشتیوان كه‌ریم سه‌رۆكى لیژنه‌ى ده‌رمانخانه‌ و تاقیگه‌ پزیشكیه‌كان له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانى قایمقامیه‌تى كه‌لار ڕایگەیاند :"دواى ده‌رچوونى یاسایه‌كى تایبه‌ت له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ده‌رمانخانه‌كان، له‌سه‌ر بڕیارى قایمقامی كه‌لار و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ ته‌ندروستى و داواكارى گشتى، ماوه‌ى دوو مانگ دیاریكرا بۆ ئه‌و ده‌رمانخانانه‌ى نایاسایین، ئێستا ماوه‌ى دوو مانگه‌كه‌ ته‌واو بووه‌ و سبه‌ینێ لیژنه‌كه‌مان كۆبوونه‌وه‌ ده‌كات و ده‌ستبه‌كارده‌بن. هه‌ر ده‌رمانخانه‌یه‌ك له‌ ژێر چاودێریى پزیشكى ده‌رمانسازدا نه‌بێت داده‌خرێت، چونكه‌ به‌ پێى یاسا ته‌نیا پزیشكى ده‌رمانساز ده‌بێت ده‌رمانخانه‌ى هه‌بێت".

پشتیوان كه‌ریم بۆ دواڕۆژ وتیشى:"هاوكات له‌گه‌ڵ رێكخستنه‌وه‌ى ده‌رمانخانه‌كان، چه‌ند رێنمایه‌كى دیكه‌شمان جێبه‌جێكردووه،‌ وه‌ك هێنانه‌ده‌ره‌وه‌ى ده‌رمانخانه‌ له‌ ناو عیاده‌ى پزیشكه‌كان و لابردنى ئه‌و شوێنانه‌ى مۆڵه‌تى تاقیگه‌یان نییه‌ و قه‌ده‌غه‌كردنى هه‌ندێك ده‌رمان به‌بێ راچێتى پزیشك".