هۆشداری ده‌درێت.. ئه‌م روه‌كانه‌ له‌ ماڵان ده‌چێنرێن و ژه‌هراوین

21/08/2019 - 14:41 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
بەشێک لەو ڕووەکانەی لەناوماڵاندا ھەن کوشندە و ژه‌هراوین به‌ تایبه‌ت بۆ منداڵ مەترسیدارن و ئەگەر نەیکوژێت لاڵی دەکات.
 
پ ی د. عەلی عوسمان شارباژێری، مامۆستا لەکۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی سلێمانی ڕاگەیاند: داری سەبەحبەح کە پێی دەوترێت ژەھرە ماسی، پێشتر لەبەرئەوەی بۆ ڕاوکردنی ماسی بەکاردەھێندرا قەدەغەکرابوو، بەڵام لەئێستادا ئاساییەو لەزۆربەی ماڵەکان و شوێنە گشتییەکانیشدا بوونی ھەیە.

سەبارەت بەکاریگەرییەکانی سەبەحبەح لەسەر تەندروستی مرۆڤ، پ ی د. عەلی عوسمان شارباژێری کە پسپۆڕی باخدارییە، وتی: "دارێکی جوان و سەرکەوتووە، داری سورییەکەی تۆوی نییەو ژەھراوی نییە، بەڵکو تەنھا ئەو سەبەحبەحانە ژەھراوین کە بەریان ھەیە".
سەبارەت بەو ڕووەکانەی لەناو ماڵان ھەیە، پ ی د. عەلی عوسمان بۆ سایتی سلێمانی  وتی " ٩٠%ی ئەو ڕوەکانەی لەناو ماڵان دەچێندرێن ژەھراوین، بەتایبەت جۆرەکانی (دیفن باخیا، گوێ فیل، ئەگلۆنیما و قەفەس سەدری) بۆ منداڵ مەترسیدارن و ئەگەر نەیکوژێت لاڵی دەکات".
ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئاگاداری ھاوڵاتیان دەکاتەوەو دەشڵێت: "ئەو ھاوڵاتیانەی کە ڕووەکی زۆریان لەماڵەکانیاندا ھەیە، پێویستە ئاگاداری منداڵەکانیان بن تا نزیکی ئەو ڕووەکانە نەبنەوە، چونکە زۆربەیان ژەھراوین".