لەبارەی دەرماڵەی فەرمانبەرانەوە روونكردنەوە دەدرێت

22/08/2019 - 09:20 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

تائێستا لێژنەكەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ چاوخشاندنەوە بە پڕۆژە یاسای چاكسازی لەخانەنشینی و موچەو دەرماڵەكان كۆنەبۆتەوەو ئەندامێكی لێژنەكەش وادەی یەكەم كۆبوونەوەیان ئاشكرادەكات و روونكردنەوەش دەدات لەبارەی بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەران.

(د. ئەحمەد ئەنوەر) سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان و ئەندامی لێژنەی چاوخشاندنەوە بەپڕۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و موچەو دەرماڵەكان رایگەیاند، بەهۆی پشووەكانی جەژنەوە، تائێستا وەكو لێژنەی چاوخشاندنەوە بەپڕۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچەو دەرماڵەو ئیمتیازەكانی دیكە لەهەرێم، هیچ كۆبوونەوەیەكمان ئەنجامنەداوە.

وتیشی: چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەی تایبەتی لێژنەكە بەسەرۆكایەتی وەزیری دادی هەرێم دەستپێبكات بۆ تاوتوێكردن و چاوخشاندنەوە بەو پڕۆژە یاسایەوە.

ئەو ئەندامەی لێژنەكەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئێس ئێن ئێن ئاشكراشیكرد، پێشتر تەواوی ئەو پڕۆژە یاسایە لەخولی چوارەمی پەرلەمان پەسەند كرا، بەڵام دواتر ڤیتۆ لەسەر بڕگەی خانەنشینی پلە باڵاكان دروست بوو، بۆیە گەڕێندرایەوە بۆ حكومەت، بۆیە ئەمجارە دەبێت ئەو بڕگەیە لەنێوان لێژنەكەمان و ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان یەكلایی بكرێتەوە.

باسی لەوەشكرد، هەمواركردنەوەی پڕۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچەو دەرماڵەو ئیمتیازەكانی دیكە لەژێر رۆشنایی هێڵە گشتیەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەت دەبێت.

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێم دڵنیایی دەدات كە لەمساڵدا ئەو پڕۆژە یاسایە لە پەرلەمان پەسەند دەكرێت و وتیشی: فەرمانبەرانی شایستە بەهیچ شێوەیەك لەچوارچێوەی پڕۆژە یاساكە زیانی داراییان بەرناكەوێت، ئەوەشی لەبارەی بڕینی دەرماڵەكانەوە باس دەكرێت بەو شێوەیە نییەو تەنیا رێكخستنەوە بەخەرجكردنی دەرماڵەكان دەكرێتەوە.