د.شێركۆ جەودەت: حكومەت ناشەفافەو كەس نازانێت چەند قەرزدارە

22/08/2019 - 10:57 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

پێنج ساڵە حكومەتی هەرێم بەپاساوی قەیرانی دارایی و نەهاتنی بودجە لەبەغدا پڕۆژە یاسای بودجەی نەناردۆتەوە پەرلەمانی كوردستان, لەكۆبونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لیژنەكە داوا لەحكومەت دەكات ئێستا كاتیەتی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2020 بهێندرێتە پەرلەمانی كوردستان.

 

شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان ڕاگەیاند: لەكۆبونەوەی لیژنەی دارایی جەختمان كردەوە كەپێویستە حكومەت پڕۆژە یاسای بودجە بنێرێتە پەرلەمان كاتیەتی بۆ ئەوەی پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر بكات.

 

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو وتیشی: حكومەت شەفاف نیە لەگەڵمان تاوەكو ئێستا كەس نازانێت حكومەت چەند قەرزدارە وەقەرزداری كێیە وەقەرزەكان چۆن دەداتەوە ئەمە جگە لە دە ملیار دۆلار قەرزی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران كە لەسەری كەڵەكە بووە.