فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم له‌هه‌واڵێكی‌ گرنگ ئاگادارده‌كرێنه‌وه‌

24/08/2019 - 09:10 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

 

لیژنه‌ی دارایی و ئابووری له‌په‌رله‌مانی كوردستان، له‌گه‌ڵ وه‌زیری دارایی هه‌رێم كۆده‌بێته‌وه‌ بۆ تاوتوێكردنی چه‌ند پرسێكی دارایی، ئه‌ندامێكی لیژنه‌كه‌ش ته‌وه‌ره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئاشكرا ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، "ده‌مانه‌وێت پلانی حكومه‌ت بزانین بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی موچه‌".

 

بڕیاره‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتوو، 26-8-2019، لیژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابووری له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، بانگهێشتی وه‌زیری دارایی هه‌رێم بكات بۆ تاوتوێكردنی چه‌ند پرسێكی دارایی.

له‌وباره‌یه‌وه‌ سۆران عومه‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان له‌ لێدوانێكدا بۆ سایتی تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی رایگه‌یاندوه‌، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ وه‌زیری دارایی ده‌كه‌ین له‌باره‌ی پلانی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی موچه‌، هه‌روه‌ها هۆكاره‌كانی دواكه‌وتنی دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "پرسه‌كانی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2020ی هه‌رێم و رێكخستنه‌وه‌ی باج و رسومات تاوتوێ ده‌كه‌ین، له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی وه‌ڵامی ژماره‌یه‌ك پرسیاری په‌یوه‌ست به‌ دۆسێی دارایی له‌زاری وه‌زیری دارایی هه‌رێمه‌وه‌".

به‌وته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، ده‌بێت له‌مانگی (10)ی ئه‌مساڵدا حكومه‌تی هه‌رێم پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2020ی هه‌رێم بنێرێت بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، ئاشكراشیكرد، به‌ بوونی یاسای بودجه‌ی هه‌رێم بۆ ساڵی داهاتوو، چه‌ندین كێشه‌ی دارایی چاره‌سه‌ر ده‌بن، یه‌كێك له‌وانه‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران كه‌ ماوه‌ی نزیكه‌ی چوار ساڵه‌ راگیراوه‌.