رۆژانی شه‌ممه‌ بۆ مامۆستایان ده‌كرێته‌ پشوو؟

24/08/2019 - 14:45 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


له‌باره‌ی پشووی رۆژی شه‌ممه‌ی مامۆستایان وه‌زیری په‌روه‌رده‌ رایده‌گه‌ینێت ناتوانرێت ئه‌م كاره‌ بكرێت و له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودا نییه‌.
سامان تاهیر ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی راگه‌یاند، له‌كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ د.ئالان قادر وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ دوێنێ 23ی 8ی 2019 به‌ڕێوه‌چوو، ژماره‌یه‌ك داواكاری په‌روه‌رده‌یی و تایبه‌ت به‌ مامۆستایانمان ئاراسته‌كرد كه‌ یه‌كێك له‌و داواكارییانه‌ بریتی بوو له‌وه‌ی هاوشێوه‌ی عیراق رۆژانی شه‌ممه‌ بۆ مامۆستایانیش بكرێت به‌ پشوو.

له‌باره‌ی وه‌ڵامی وه‌زیری په‌روه‌رده‌ بۆ ئه‌و داواكارییه‌ وتی: "د.ئالان قادر پێیڕاگه‌یاندین كه‌ ناتوانرێت ئه‌و كاره‌ بكرێت و له‌ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ویشدا نییه‌، ته‌نها له‌كاتێكدا ده‌كرێت رۆژانی شه‌ممه‌ بكرێت به‌ پشوو ئه‌گه‌ر دۆخی هه‌رێمی كوردستان ئاسایی بكرێته‌وه‌و موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان بدرێنه‌وه‌و ده‌وامی مامۆستایان بۆ كاتژمێر (2)ی دوا نیوه‌ڕۆ زیاد بكرێت".

ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌، وه‌زیری دارایی به‌ڕاشكاوی پێیوتین به‌ڵێنی ئه‌وه‌ ناده‌م كه‌ ئه‌و داواكارییه‌تان جێبه‌جێبكرێت و ناشكرێت.