یەكه‌ی نیشتەجێبوون به‌سه‌ركرێنشینان دابەشدەكرێن

25/08/2019 - 15:44 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


برياره لەكۆتایی ئەمساڵدا هەردوو پڕۆژەی نیشتەجێبوونی زڕگوێزو سیتەك لەسنووری پارێزگای سلێمانی تەواو بكرێت،داواشكراوه‌  داوامان لەلایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە، ناوی ئەو كەسانە رابگەیەنرێت كە بەپێی خاڵ جیاكراونەتەوە، بۆئەوەی یاری بەناوەكان نەكرێت.

بەرهەم قەرەداغی، سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان راگەیاند: ماوەی پێنج مانگە نوسراومان ئاڕاستەی پارێزگای سلێمانی، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن و پەرلەمانی كوردستان كردووە، بۆئەوەی ناوی ئەو كەسانە رابگەیەنرێت كە لەیەكەكانی نیشتەجێبوونی زڕگوێزو سیتەك سودمەند دەبن و ناوەكانیان جیاكراوەتەوە، بۆئەوەی یاری بە ناوەكان نەكرێت.

وتیشی: "وەڵامی ئەوان ئەوەیە چاوەڕوانی تەواوبوونی خزمەتگوزارییەكان دەكەن، پاشان تەواوبوونی پڕۆژەكەو ناوەكان پێكەوە رادەگەیەنین، بەڵام بەنیازین لەماوەی دوو رۆژی داهاتوودا جارێكی دیكە فشار بخەینەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆئەوەی ناوەكان رابگەیەنرێت".

راشیگەیاند: هەردوو پڕۆژەی نیشتەجێبوونی زڕگوێزو سیتەك، 1500 یەكەی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت، پێشتر كۆمەڵێك گرفت بۆ پڕۆژەكە دروستكرا كە بفرۆشرێت یان بدرێت بەكەسوكاری شەهیدان، بەڵام ئەو دوو پڕۆژەیە بۆ كەسانی كەمدەرامەتە كە هیچ شوێنێكی نیشتەجێبوونیان نییە، بۆیە رێگریمان كردو نەمانهێشت ئەو كارە بكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، پێشتر لەلایەن ئاماری سلێمانییەوە 28 هەزار فۆرم دابەشكراوەو هەزارو 500 فۆرمیان جیاكراوەتەوە، ئەوانەی 11 خاڵیان هەیە.

سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان بۆ ساتی سلێمانی وتی "بەپێی قسەی وەبەرهێن و ئەندازیارانی پڕۆژەكە، لەكۆتایی ئەمساڵدا خزمەتگوزارییەكان تەواو دەبێت و دەتوانرێت دابەشبكرێت".