سەرۆكایەتی هەرێم: پێویستە بەغداد قەرەبوی كەسوكاری ئەنفالكراوان بكاتەوە

25/08/2019 - 16:21 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: داوای قەرەبوو لە حكومەتی فیدراڵی عیراق دەكات لە یادی ئەنفالكردنی هاوڵاتیانی ناوچەكانی بادینان.

 

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا كە وێنەیەكی دەست كوردیو كەوتووە ڕایگەیاند: داوا لە حكومەتی‌ عیراق دەكەین بەپێی‌ بڕیاری‌ دادگای‌ باڵای‌ تاوانەكانی‌ عیراق كە شاڵاوەكانی‌ ئەنفالی‌ بە تاوانی‌ دژی‌ مرۆڤایەتی‌ و جینۆساید و جەنگ ناساندووە، ئەركی‌ یاسایی‌ و ئەخلاقیی‌ خۆی‌ جێبەجێ بكات و قوربانییانی‌ ئەنفال قەرەبوو بكاتەوە.

 

هەروەها ڕاشیگەیاندووە: پێویست حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستانیش بەدواداچوون بۆ چارەنووسی‌ ونبووان بكاتە یەكێك لە ئەولەویاتی‌ كارەكانی.‌

 

ئەمەش دەقی پەیامەكە:

لە چوارچێوەی‌ شاڵاوی‌ بەدناوی‌ ئەنفالدا كە ساڵی‌ 1988 لەلایەن ڕژێمی‌ بەعسەوە بەرامبەر بە خەڵكی‌ سڤیلی‌ هەرێمی‌ كوردستان ئەنجام درا و تیایدا زیاتر لە (180) هەزار هاووڵاتیی‌ كوردستان بێسەروشوێن و شەهید كران و بە هەزاران دێهاتی‌ كوردستان وێران بوون، ئەمڕۆ یادی‌ ئەنفالكردنی‌ بادینان دەكەینەوە.

ئەنفالكردنی‌ بادینان كە كۆتاییی‌ شاڵاوی‌ ئەنفالەكان بوو، لە 25ی‌ ئابەوە تا 6ی‌ ئەیلوولی‌ 1988 هەموو ناوچەكانی‌ بادینانی‌ گرتەوە و تیایدا كیمیاباران و گرتن و كوشتن و ڕاگواستن و وێرانكرنی‌ مزگەوت و دێر و دێهات و ناوچەكانی‌ بادینان لەلایەن پێنج فیرقەی‌ سەربازییەوە ئەنجام درا و ئەوانەیشی‌ لەو تاوانە ڕزگاریان بوو، ئاوارەی‌ ئێران و توركیا و پەراگەندەی‌ وڵاتان بوون.

لە كاتێكدا بەوپەڕی‌ ڕێز و شكۆوە یادی‌ شەهیدانی‌ ئەنفالكردنی‌ بادینان و تەواوی‌ شەهیدانی‌ كوردستان دەكەینەوە، جارێكی‌ دیكە داوا لە حكوومەتی‌ عێراق دەكەین بەپێی‌ بڕیاری‌ دادگای‌ باڵای‌ تاوانەكانی‌ عێراق كە شاڵاوەكانی‌ ئەنفالی‌ بە تاوانی‌ دژی‌ مرۆڤایەتی‌ و جینۆساید و جەنگ ناساندووە، ئەركی‌ یاسایی‌ و ئەخلاقیی‌ خۆی‌ جێبەجێ بكات و قوربانییانی‌ ئەنفال قەرەبوو بكاتەوە، هەروەها حكوومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستانیش ڕادەسپێرین كە خزمەتكردنی‌ زیاتری‌ قوربانییانی‌ ئەنفال و بەدواداچوونی‌ چارەنووسی‌ ونبووان بكاتە یەكێك لە ئەولەویاتی‌ كارەكانی.‌

دروود و سڵاو بۆ گیانی‌ پاكی‌ شەهیدانی‌ ئەنفالكردنی‌ بادینان و هەموو ئەنفالكراوان و تەواوی‌ شەهیدانی‌ كوردستان.

سەرۆكایەتیی‌ هەرێمی‌ كوردستان