روونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌ر گرانكردنی عه‌ریزه‌ نوسین بۆ 25000 دینار ده‌درێت

25/08/2019 - 17:15 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

سه‌باره‌ت بە ئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی مامەڵەی فەرمانگە دادییەکان سەندیكای پارێزەرانی كوردستان ستایشی وه‌زاره‌تی داد ده‌كات.

له‌ راگه‌یه‌نراوێكی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان کە ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ی ٨ی ٢٠١٩ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و تێدا هاتووه‌ دەستخۆشی لە وەزارەتی دادی هەرێمی كوردستان کراوە، بۆ بە ئەلیكترۆنیكردنی سیستمی مامەڵەی فەرمانگە دادییەكان.

 هەر لەو راگەیاندراوەدا داوا کراوە، لە پێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتییان، وەزارەتی داد چاو بە گرێبەستەكەدا بخشێنێتەوە.

 ئەو داواكارییەی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان لە كاتێكدایە كە وەزارەتی دادی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای ناوبراو رێككەوتوون بۆ بەئەلیكترۆنی كردنی مامەڵەی فەرمانگە دادییەكان و لە بەرامبەر ئەو مامەڵەیەشدا كۆمپانیاكە بڕی 25 هەزار دینار  لە هاووڵاتییان وەردەگرێت.

 له‌لایه‌كیتره‌وه‌ ئازاد رۆستەم كاریتانی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەكانی دادبه‌ هەفتەنامەی باسی رتگه‌یاندبوو  "ئەوەی دەگوترێت، كە بەهۆی ئەو سیستەمەوە عەریزەنووسین لە 2 هەزار و 500 دینار دەبێتە 25 هەزار دینار، راست نییە، تەنیا عەریزەنووسینی 3 هەزار دینار بوو، وێنەگرتن 5 هەزار دینار، كۆپیكردن 2 هەزار، فایلێك هەزار دینار، بەگشتی پێش ئەوەی رسووماتی دادنووسی بدات، دەگەیشتە 14 هەزار دینار، ئێستا بە هەمووی 25 هەزار دیناری دەچێت".

 گوتیشی: "ئەو كەسەی مامەڵەی هەیە پێویست بە وێنەگرتن ناكات، بەڵكوو وێنەكەی بە كۆمپیوتەر دەگیرێت و لە ماوەی 20 دەقیقە مامەڵەكەی تەواو دەكرێت، كۆی سیستەمی عەریزەنووسی دەگۆڕدرێت و باڵەخانەیان دەگۆڕدرێت و هۆڵی چاوەڕوانیی بۆ دروست دەكرێت، سیستەمی سەرەبڕین نامێنێت، بەڵكوو لە هۆڵ چاوەڕێ دەكرێت".

روونیشی كردەوە، وەكوو نموونە، لە هەولێر فەرمانگەی دادنووسی عەنكاوە، لە سلێمانی فەرمانگەی دادنووسی بەكرەجۆ، فەرمانگەی دادنووسی سێمێڵ لە دهۆك، ئەوانە وەكوو تێست دەستیان بە كار كردووە، پاشان هەمووی دەگرێتەوە.

 ئاشكراشی كرد، سیستەمی نوێی دادنووسی لە لایەن کۆمپانیاوە جێبەجێ دەکرێت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەنیا بڕی پێنج ھەزار دینار لە بەرامبەر مامەڵەی ھاووڵاتییان وەردەگرێت، ئەویش نیوەی پارەکە دەبێتە داھات بۆ حکوومەت و نیوەی دیکەش وەک ھاندەرێک دەبەخشرێت بە فەرمانبەران. گوتیشی: "ئەو كارە بە هاوبەشی لەنێوان كۆمپانیا و حكوومەت بەڕێوە دەچێت، فەرمانگەی تەنكنەلۆژیای زانیاری، كە لەنێو ئەنجومەنی وەزیرانە، ئەو پڕۆژەی پەسند كردووە و چاودێریی جێبەجێكردنی دەكات، بەشێكی كەرتی تایبەتیش سەرپەرشتیی دەكات".