هۆكاری ڕێكنەكەوتنی پێدانی ئۆتۆمبێل بەشێوەی قیست بە مامۆستایان، لە كوردیو بزانە

26/08/2019 - 09:48 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


كوردیو - سلێمانی


جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: وەك یەكێتی مامۆستایان هەوڵەكانیان بەردەوامە بۆ پێدانی ئۆتۆمبێل بەشێوەی قیست بە مامۆستایان و هۆكاری ڕێكنەكەوتنەكەش پەیوەندی بە نێوان هەرێم و بەغداوە هەیە.



مامۆستا عەتا ئەحمەد جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان تایبەت بە كوردیوی ڕاگەیاند: هەوڵەكانیان بەردەوامە تاوەكو بتوانن لەڕێگای كۆمپانیایەكەوە ئۆتۆمبێل بەشێوەی قیست بە مامۆستایان بدرێت، بەڵام تائێستا لەگەڵ كۆمپانیایەك نەگەیشتونەتە رێككەوتنی كۆتایی.

 

هەروەها ووتیشی: ڕێككەوتنەكە لەگەڵ كۆمپانیای جیهانە و ئەو كۆمپانیایە ووردەكاری لەسەر شێوازی وەرگرتنی پارەكە دەوێت كە لە ڕێگای ژمارەی بانقیەوە بێت یاخود لە ڕێگای بڕینی موچەوە بێت یاخود مامۆستایان خۆیان پارەكە تەسلیم بكەن.

 

جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد: پێدەچێت یەكێكی دیكە لە هۆكارەكان بۆ ڕێكنەكەوتنەكە پەیوەندی بە پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و بەغداوە هەبێت كە كۆمپانیاكە دەیەوێت دڵنیابێت موچە لە كاتی خۆیدا بدرێت و لەوادەی خۆیدا قیستەكان بگەڕێندرێتەوە بۆی.