له‌ هه‌ولێر كاره‌بای ئه‌م گه‌ره‌كانه‌ ده‌كرێن به‌پێوه‌ره‌ی زیره‌ك 

27/08/2019 - 14:40 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

دانانی پێوه‌ره‌ی زیره‌كی كاره‌با له‌شاری هه‌ولێر له‌چوار گه‌ڕه‌ك ته‌واو بووه‌ و له‌دوو گه‌ڕه‌كی دیكه‌ش كاركردن به‌رده‌وامه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاره‌بای هه‌ولێریش رایده‌گه‌یه‌نێت " بۆ كارپێكردنی پێوه‌ره‌كان چاوه‌ڕوان ته‌واو بوونی هه‌موو گه‌ڕه‌كه‌كان ناكرێت."

حسێن حه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاره‌بای هه‌ولێر به‌ راگه‌یاند "پڕۆژه‌ی دانانی پێوه‌ری زیره‌كی كاره‌با به‌رده‌وامه‌و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌چێت، له‌ئێستادا دانانی ئه‌و پێوه‌ره‌ له‌گه‌ڕه‌كانی (راستی، ناوچه‌ی پیشه‌سازی، ده‌ڤه‌ری تایه‌فرۆشان و شادی) له‌شاری هه‌ولێر ته‌واو بووه‌و له‌هه‌ردوو گه‌ڕه‌كی نه‌سیج و كوردستانیش كاركردن به‌رده‌وامه‌."

وتیشی: "پڕۆژه‌كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند كۆمپانیایه‌كه‌وه‌ جێبه‌جێده‌كرێت كه‌ هه‌ریه‌كێكیان له‌بوارێك له‌بواره‌كانی (سیستمی سۆفتوێری كۆمپیوته‌ری، دابینكردنی پێوه‌ره‌كان، به‌ستنی پێوه‌ره‌كان و كێبڵه‌كان له‌سه‌ر ستونه‌كان، به‌ستنی پێوه‌ره‌كان له‌ناو ئه‌و سندوقانه‌ی داده‌نرێن، رووپێوی تۆڕه‌كانی كاره‌با) كارده‌كه‌ن".

حسێن حه‌مه‌د بۆ سایتی سلێمانی راشیگه‌یاند "بۆ كارپێكردنی پێوه‌ره‌كان چاوه‌ڕوان ته‌واو بوونی هه‌موو گه‌ڕه‌كه‌كان ناكرێت، له‌ئێستادا ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی ته‌واو بوون، كۆمپانیای تایبه‌تمه‌ند سه‌رقاڵی كاركردنه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌داهاتوویه‌كی نزیكدا پێوه‌ره‌كان ئه‌كتیڤ بكرێن."

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به‌پێی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان كراوه‌، ماوه‌ی ساڵێك و شه‌ش مانگ دانراوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاره‌بای هه‌ولێر ده‌ڵێت: "ئامانجی سه‌ره‌كییه‌كه‌ی پڕۆژه‌كه‌ باشتركردنی دۆخی كاره‌بایه‌، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی زیادكردنی سه‌عاته‌كانی پێدانی كاره‌باو كه‌مكردنه‌وه‌ی پچڕپچڕی و خراپی ڤۆڵتیه‌ی كاره‌با".