پێشتر چه‌ندجارێك ئاگادار كراوه‌ته‌وه‌.. كارگه‌یه‌كی گه‌روه‌ داده‌خێرت

27/08/2019 - 15:09 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوونی به‌ مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن، له‌ناحیه‌ی بازیانی سلێمانی كارگه‌ی دروستكردنی ئاسنی ئه‌لفا ستیل داده‌خرێت تائه‌و كاته‌ی سه‌رجه‌م رێنماییه‌كان جێبه‌جێ ده‌كات.

به‌پێی راپۆرتێكی لیژنه‌ی باڵای لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان بۆ ئاوات محه‌مه‌د، قائیمقامیه‌تی سلێمانی به‌رزكراوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ی تێداخروه‌ته‌ روو؛ له‌ئه‌نجامی پشكنینی هه‌رسێ لیژنه‌ی (ژینگه‌، سه‌لامه‌تی باڵه‌خانه‌ و سه‌لامه‌تی كرێكار) ده‌ركه‌وتووه‌ كارگه‌ی دروستكردنی شیشی ئه‌لفا ستیل پابه‌ندی مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن نابێت.

له‌راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌؛ پێشتر و چه‌ند جارێك كارگه‌ی شیشی ئه‌لفا ستیل له‌كه‌موكورتیه‌كانی ئاگادار كراوه‌ته‌وه‌ و مۆڵه‌تی بۆ جێبه‌جێكردن و پابه‌ندبوون به‌مه‌رج و رێنماییه‌كان بۆ دانراوه‌ به‌ڵام به‌رده‌وام بووه‌ له‌ سه‌رپێچیكردن.

راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌ئه‌وه‌كردوه‌؛ له‌كاتی سه‌ردانی لیژنه‌ی ژینگه‌دا ده‌ركه‌وتووه‌ كارگه‌كه‌ نه‌بوونی هه‌ریه‌ك له‌یه‌كه‌ی چاره‌سه‌ری ئاوه‌ڕۆ، سكاندرۆ و سۆنه‌ر و كه‌می روبه‌ری سه‌وزایی دیاریكراو بۆ پرۆژه‌كه و هه‌بوونی د‌وكه‌ڵێكی زۆر و كۆبونه‌وه‌ی دوكه‌ڵی فلته‌ره‌كان و بڵاوبونه‌وه‌ی له‌ناوساحه‌ی كارگه‌كه‌ سه‌رپێچی له‌ رێنمایه‌كانی ژینگه‌كردووه‌.

هه‌روه‌ها؛ له‌ هۆڵی ئامێره‌كانی كارگه‌ی ئه‌لفا ستیل مه‌رجه‌كانی به‌رگر شارستانی كه‌موكورتیان هه‌بووه‌ له‌ نه‌بوونی سیسته‌می فایه‌ر هاوس، سیسته‌می ئه‌له‌رمی مه‌ركه‌زی و كێبڵی كاره‌باكانی نه‌خراونه‌ته‌ ناو بۆرده‌وه‌ بۆ پاراستنی سه‌لامه‌تی ئه‌وكه‌سانی له‌وێ كارده‌كه‌ن.

راپۆرته‌كه‌ باسی‌ كه‌موكورتییه‌كانی شوێنی كاركردن و نیشته‌جی بوون و حه‌وانه‌وه‌ی كرێكاره‌كان كردووه‌ و تێیدا هاتووه‌؛ به‌كارنه‌هێنانی جلوبه‌رگ و ده‌مامكی تایبه‌تی كاركردن، نه‌بوونی دكتۆری كورد له‌كارگه‌كه‌دا و نه‌شیاوی چێشتخانه‌ و شوێنی ئاماده‌كردنی خواردن بۆ كرێكاره‌كان.

لیژنه‌ی باڵای لیژنه‌هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی، پێشنیاریان بۆ قائیمقامی سلێمانی كردوه‌ دابخرێت تا ئه‌وكاته‌ی سه‌رجه‌م مه‌رجه‌كانی كاركردن له‌ كارگه‌كه‌دا جێبه‌جێ ده‌كات، ئه‌مڕۆ به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی كارگه‌ی ئه‌لفا ستیل داخرا.

ئەلبوومی وێنەکان