پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم خه‌رج ناكرێت

27/08/2019 - 15:48 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هەوڵەكان بۆ خەرجكردنی پارەی گەنمی ساڵانی رابردووی جوتیارانی هەرێم به‌رده‌وامه‌ به‌ڵام تائێستا هیچ ئەنجامێكی نەبووە و چاوەڕوانێن سەرۆك وەزیران بڕیارێك لەوبارەیەوە دەربكات.

محەمەد ئەمین فارس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راگەیاند "هەرچەندە هەوڵەكان بەردەوامە بۆ خەرجكردنی شایستەی دارایی جوتیارانی هەرێم بۆ ساڵەكانی 2014، 2015، 2016، بەڵام تائێستا هیچ ئەنجامێكی نەبووە."

وتیشی "چاوەڕوانین عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق بڕیارێك دەربكات بۆ خەرجكردنی شایستەی دارایی جوتیاران، چونكە ئەوە مافێكی رەوای جوتیارانی هەرێمەو هەموو پارێزگاكانی دیكە پارەكەیان بۆ خەرجكراوە".
 
راشیگەیاند "پێشتر وەزارەتی دارایی عیراق پارەكەی خەرجكردووە، بەڵام وەزارەتی بازرگانی دەڵێ بەئیمزای سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق راگیراوەو پێویستە جارێكی دیكە سەرۆك وەزیرانی ئێستا فەرمانی خەرجكردنی دەربكات."
 
پەرلەمانتارەكە ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو گەنمەی ئەمساڵ وەرگیراوە هیچ كێشەیەك لەخەرجكردنی پارەكەیدا نییەو بەچەند گوژمەیەك خەرجدەكرێت.