"ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیارێكی نوێ ده‌رده‌كات"

27/08/2019 - 16:04 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


به‌ڕێوەبەری رێگەوبانی هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم ره‌زامه‌ندیداوه‌ سه‌رجه‌م رێگەكانی سنووری پارێزگاكان نۆژه‌ن بكرێته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات: به‌پێی بڕیاره‌كه‌ بڕی 10 ملیار دینار بۆ پارێزگای هه‌ولێر دابینكراوه‌.

ھونەر نوری، بەڕێوەبەری رێگەوبانی ھەولێر رایگه‌یاند: پێشتر پرۆژه‌یه‌ك بۆ نۆژه‌كردنه‌وه‌ی رێگوبانه‌كان ئاڕاسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم كرابوو، له‌ ئێستادا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌ دراوه‌.

وتیشی: "به‌پێی بڕیاره‌كه‌ رێگەكانی ده‌ره‌وه‌ی سه‌رجه‌م پارێزگەكانی هه‌رێم نۆژه‌نده‌كرێنه‌وه‌ و به‌مه‌ش گۆڕانكارییه‌كی باش له‌ رێگەكان روو ده‌ده‌ن و بۆ هاتوچۆی شۆفێرانیش ده‌بێته‌ مایه‌ی سه‌لامه‌تی گیانی هاووڵاتیان".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: له‌و بودجه‌یه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ره‌زامه‌ندی له‌سه‌رداوه‌ بڕی 10 ملیار دینار بۆ سنووری پارێزگای هه‌ولێر دابینكراوه‌ و به‌ هه‌مان شێوه‌ش پاره‌ بۆ پارێزگاكانی دیکەش دابینكراوه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری رێگەوبانی هه‌ولێر بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: چوار ملیارو 500 ملیۆن دیناریش بۆ نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی رێگەی كۆیه‌ خەرجکراوە كه‌ به‌ دوو قۆناغ ته‌واو ده‌كرێت.