وه‌زیرێكی هه‌رێم به‌ڵینی ژماره‌یه‌كی زۆری هه‌لی كار ده‌دات

28/08/2019 - 14:43 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

لە رێگەی دروستكردنی چەند پرۆژەیەكەوە وەزیری كشتوكاڵی هەرێم به‌لێن ده‌دات ژماره‌یه‌كی زۆر هەلی كار بڕەخسێنێت.


بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان لەمیانی سەردانیكردنی چەند پرۆژەیەك لە شاری هەولێر بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن وتی "ئێمە لە وەزارەت لە رێگەی چەند پرۆژەیەكەوە لە هەوڵی رەخساندنی زۆرترین هەلی كارداین، لێرەدا بە گونجاوی نازانم وردەكاری ئەو پرۆژانە بخەمەڕوو تەنها چەند نمونەیەكیان نەبێت وەك، كردنەوەی بازاڕی میللی تایبەت بۆ ساغكردنەوەی بەروبومی كشتوكاڵی ناوخۆیی، چەند پرۆژەیەكی گەورەی بەخێوكردنی مەڕو ماڵات و شیرەمەنی و چەند كارگەیەكی پیشەسازی خۆراكی، كە لە سەرەتای هەنگاوەكانداین بەو ئاراستەیەی كەرتی كشتوكاڵ بكەینە سەرچاوەی گرنگی ئابوری لە پاڵ نەوت و سامانە سروشتەكانیدا و هەم زۆرترین دەرفەتی كار بۆ گەنجەكان بڕەخسێنین".


وتیشی "نهێنییەكم پێ وترا، كە عەلەف جێگەی رەخنە و گلەیی جوتیارەكانمانە و بە نرخێكی زۆر هاوردە دەكرێت و لە بازاڕەكانی هەرێمدا ساغدەكرێتەوە، بەڵام لەئایندەیەكی نزیكدا عەلەفێكی زۆر بە تێچویەكی كەم دەخەینە بازاڕەوە".