بەغدا داوادەكات دۆسیەی 13 ئەفسەری كوردی كەركوك رەوانەی دادگا بكرێت

29/08/2019 - 09:27 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق داوا لە پۆلیسی كەركوك دەكات دۆسیەی (13) ئەفسەری پۆلیسی كوردی ئەو شارە رەوانەی دادگای تایبەت بە ‌هێزەكانی ناوخۆ بكرێت و جەختیش لە دەستگیركردنیان دەكاتەوە.

عەمید (سەرحەد قادر) بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركوك كە یەكێكە لە داواكراوەكان زانیارییەكانی بۆ دواڕۆژ پشتڕاستكردۆتەوەو راشیگەیاندووە، كە (12) ئەفسەرەكەی دیكە بەهۆی بەجێهێشتنی كارەكانیانەوەیە لە كەركوك تەنها دۆسیەكەی ئەو پەیوەستە بە ریفراندۆمەوە.

روونیشیكردۆتەوە كە پارێزەری گرتووە تا كەیسەكەی یەكلایی بكاتەوەو ئامادەیی خۆشی نیشاندا كە ئەگەر دادگایەكی بێلایەن بێت ئامادەیە بچێت، بەڵام دەڵێت: كەیسەكەی من سیاسییەو سەرسامی خۆشی دەربڕیوە لەوەی كە ئەوانەی بڕیاری ریفراندۆمیان داوەو بۆ دانوستان چوونەتە بەغدا لەسەر ریفراندۆم ئێستا پۆستی باڵایان هەیە لە حكومەت و پەرلەمانی عێراق و بابەتەكە لەسەری ئەودا شكاوەتەوە.