هاوردەكردنی بەرهەمێكی دیكەش بۆ هەرێم قەدەغە دەكرێت

29/08/2019 - 09:34 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

لەدوای قەدەغەكردنی هاوردەكردنی تەماتە بۆ هەرێمی كوردستان، هاوردەكردنی بەرهەمێكی دیكەی كشتوكاڵیش قەدەغە دەكرێت و وەزارەتی كشتوكاڵیش لەوبارەیەوە زانیاری زیاتر دەخاتەڕوو.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی كشتوكاڵ لەمیانەی كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ وەفدێكی ئیدارەی راپەڕین، (بێگەرد تاڵەبانی) وەزیری كشتوكاڵی هەرێم رایگەیاندووە: بڕیاری قەدەغەی هاوردەكردنی بەرهەمی تەماتە بۆ ناو هەرێم كاریگەری ئەرێنی هەبووە لەسەر كەمكردنەوەی زەرەرمەندبوونی جووتیاران و ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان.

دەشڵێت: بۆ وەرزی پێگەیشتنی هەناری ناوخۆییش هەمان بڕیار دەدەین، تا جووتیاران قازانجی پێویستیان دەست بكەوێت لە بەرهەمی باخەكانیان.

ئاماژەشی بەوەداوە، كە درێغی ناكەن لە گرنگیدان بە ناوچەی راپەڕین و پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ، بەو پێیەی دەشتی بیتوێن یەكێكە لە دەشتە هەرە بەناوبانگەكان لە رووی كشتوكاڵەوە لە كوردستان و دەشڵێت: بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیدارەی راپەڕین كاری پێویست دەكەین بۆ رێكخستنەوەی زیاتری فەرمانگە كشتوكاڵییەكانی ئەو سنوورە بە مەبەستی هەرچی زیاتر پێشخستنی كشتوكاڵ و باشتر راییكردنی كاروبارەكان و خزمەتكردنی جووتیاران.