میكانیزمێك بۆ گەڕاندنەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكان رادەگەیەندرێت

29/08/2019 - 09:35 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

روونكردنەوە لە ئەگەری گۆڕینی كاری پەرلەمانتاری بۆ گرێبەست دەدرێت و بڕیاردەری لێژنەی كاروباری یاسایی لە پەرلەمانی كوردستانیش زانیاری دەدات لەوبارەیەوەو پەیامێكیش لەبارەی مووچە پاشەكەوتكراوەكانەوە رادەگەیەنێت.

پەرلەمانتار (جەلال موحەمەد) بڕیاردەری لێژنەی كاروباری یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان، رایدەگەیەنێت: هێشتا پڕۆژە یاسای چاكسازی خانەنشینی و مووچەو دەرماڵەكان ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان نەكراوە.

لەلێدوانێكیشیدا بۆ سایتی ئێس ئێن ئێن دەڵێت: لەیاسای كارگێڕیدا بەوشێوەیە پێناسەی فەرمانبەری دەوڵەت دەكات كە كەسانێكن بەشێوەی هەمیشەیی یان گرێبەست دامەزراون، بۆیە ئەگەری گۆڕینی كاری پەرلەمانتاری لە هەمیشەییەوە بۆ گرێبەست یاساییەو كێشەی نییە.

ئاماژەشی بەوەداوە كە هەر خاڵێكی نایاسایی لە پڕۆژە یاساكەدا هەبێت، ئەوا لەڕێگەی لێژنەی یاسایی و راوێژكارە یاساییەكانەوە بەوردی تاوتوێ دەكرێت و لە چوارچێوەی پڕۆژە یاساكە دەردەهێنرێت.

لەبارەی كەمكردنەوەی بارگرانی داراییش لەسەر حكومەت و رێگەگرتن لە خانەنشینی وەزیرەكان و بەگرێبەستكردنی وەزیفەی وەزیری، ئەو پەرلەمانتارە روونیكردۆتەوە كە هەموو ئەگەرێك لەبەردەم پەرلەمانی كوردستاندا كراوەیە بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و كەمكردنەوەی بارگرانی دارایی.

هەر لەمیانی لێدوانەكەیدا پەیامێكیشی ئاراستەی مووچەخۆران كردووەو رایگەیاندووە، كە بە پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای چاكسازی خانەنشینی و مووچەو دەرماڵەكان، میكانیزمێك بۆ گێڕانەوەی مووچە پاشكەوتكراوەكان دادەنرێت و حكومەت ناچار دەكرێت لەگەڵ باشتربوونی دۆخی دارایی، ئەو مووچانە بگەڕێنێتەوە.