ئەوانەی مووچەیان وەرنەگرتووە بەم زووانە وەریدەگرن..ئەم توێژە دەگرێتەوە

29/08/2019 - 15:54 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ڕوونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو کەمئەندامانەی مووچەیان وەرنەگرتووە، بێ کێشە بەم زووانە وەریدەگرن.

ئاریان ئەحمەد مستەفا بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لە ڕونکردنەوەیکدا ڕایگەیاند، "دوای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، سەبارەت بە گەڕاندنەوەی مووچەی بڕاوی كەمئەندامان، ئەم لیژنانەی ئێستا دروستکراون، لە ژێرچاودێری وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیدان و تەنها بۆ کارئاسانی دروستکردنی پسوڵەیەکە كە تایبەتە بە مووچەکانیان، بۆ ئەوەی کە پارە گەیشتە بانکەکان هیچ کێشە و گیروگرفتێکیان بۆ دروست نەبێت".

لە ڕوونکردنەوەکەدا ئاماژەبەوەکراوە،" بەداخەوە هەوڵێک هەیە بۆ تێکدانی پڕۆسەکە کە هیچ لە بەرژەوەندی کەمئەندامان نییە، بە پێچەوانەوە ئەم جۆرە هەوڵانە دژی بەرژەوەندییەکانی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەتە و هەوڵێکە بۆ شێواندنی پڕۆسەکە".

وەزارەتى کار دڵنیایى داوەتە ئەو کەمئەندامانەی مووچەیان وەرنەگرتووە، و دەڵێت بێ کێشە بەم زووانە مووچەکانیان وەردەگرن.

ئەوە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ سکرتێرى یەکێتى کەمئەندامانى کوردستان لە کۆنفراسێکى ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەزارەتى کار بریاریداوە دووبارە پشکنین بۆ ١٣ هەزار کەمئەندام بکات و داوایکردوە لیژنەیەک لە وەزارەتى کارو تەندروستى بۆ ئەو مەبەستە پێکبهێنرێت.