هۆزی عوبێد لە كەركوك : لەمەودوا ئێمەش هێز بەكاردێنین

30/08/2019 - 21:05 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

بەرەی عەرەبی یەكگرتوو لە كەركوك، هۆشداری دەداتە ئیدارەی پارێزگاكە لەبارەی پرۆژەكانەوەو داوای لێپێچینەوە لە گەندەڵی دەكەن، بەپێچەوانەوە لەمەودوا ئەگەر لەرێگەی هێزیشەوە بێت مافی خۆیان وەردەگرنەوەو چاوەڕێی هاوكاری كەس ناكەن.

ئەو هۆشدارییانەی لێپرسراوانی بەرەی عەرەبی یەكگرتوو، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هات سەبارەت بە پلانی پرۆژەكان و چەند دۆسیەیەی تری تایبەت بە كەركوك.

(وەسفی عاسی) سەرۆكی بەرەی عەرەبی یەكگرتوو لە كۆنگرەكەدا وتی: خەڵكی كەركوك (16) ساڵە چاوەڕوانی گۆڕانكاری دەكات، بەڵام ساڵ لەدوای ساڵ ئەو هیوایە بەرەو نەمان دەچێت، لە (2014) ەوە تائێستا هەندێ ئومێدمان هەبوو، بەڵام لێرەوە دەڵێم تەواو چیتر ئومێدمان لێ بڕاوە.

عاسی كە كەسایەتی دیاری هۆزی عوبێدە، پێشتریش چەندین جار رەخنەی لە ئەدای (راكان جبوری) پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت هەبووەو تۆمەتباری كردووە بە كاركردن بۆ هۆزەكەی خۆی.

سەرۆكی بەرەی عەرەبی یەكگرتوو جەختیكردەوە، لەمەودوا چاوەڕوانی كەس ناكەین هاوكاریمان بكات، خۆمان ئەگەر بەهێزیش بێت مافی خۆمان دەبەین، چونكە كەس نییە لێپێچینەوە لە گەندەڵەكان بكات.