له‌ داراییه‌وه‌ هه‌واڵێك بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌

31/08/2019 - 08:39 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەران ڕونكردنەوە دەدات لەبارەی خەرجنەكردنی موچەی هەشت مانگی هێزی پێشمەرگە، ئەندامێكی ئەو لیژنەیەش هۆكارەكان ئاشكرادەكات و ڕاشیدەگەیەنێت، "پێناچێت عیراق لەمساڵدا موچەی پێشمەرگە خەرجبكات".

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەران له‌ لێدوانێكدا به‌ سایتی تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی راگه‌یاندووه‌، "بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆو لەڕوی یاساییەوە، ناردنی موچەی هێزی پێشمەرگە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە هیچ پەیوەندییەكی بەوەوە نییە كە هەرێم پابەند نەبوە بەڕادەستكردنی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە".

ناوبراو وتیشی:"كێشەی خەرجنەكردنی موچەی پێشمەرگە كە بۆ هەر مانگێك 68 ملیار دینارە، پەیوەندی بەوەزارەتی دارایی و بەرگری عیراقەوە هەیە، بەشێوەیەك وەزارەتی بەرگری دەسەڵاتی خەرجكردنی ئەو پارەیەی داوەتە وەزارەتی دارایی".

ئاشكراشیكرد، "بەگوێرەی بەدواداچونەكانمان، بیانوی وەزارەتی دارایی بۆ خەرجنەكردنی ئەو پارەیە ئەوەیە كە كێشەی تەكنیكی هەیەو خەرجدەكرێت".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، كاریگەری پابەندنەبونی هەرێم بەیاسای بودجە لەسەر خەرجكردنی موچەی پێشمەرگە بەدورنازانێت و وتی:"فشار لەسەر سەرۆك وەزیرانی عیراق هەیە بۆ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەكی دیكە جگە لە454 ملیار دیناری موچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرجنەكات، بۆیە پێناچێت لەمساڵدا عیراق پارەی موچەی پێشمەرگە بنێرێت".

بەگوێرەی یاسای بودجەی 2019ی عیراق، دەبێت مانگانە بڕی 68 ملیار دینار وەكو موچەی پێشمەرگە ڕەوانەی هەرێم بكرێت، بەڵام تائێستا بەغدا موچەی (8) مانگی ئەمساڵی نەناردوە كە بڕەكە دەكاتە 544 ملیار دینار.