شوێنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان دەستنیشان دەكرێن

31/08/2019 - 08:41 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

هەتا ئێستا (249) شوێن لە عێراق دەستنیشانكراون، كە گومان دەكرێت لەو شوێنانە گۆڕی بە كۆمەڵ هەبن، بەرپرسانی كوردیش لە بەغدا پێیانوایە بەشێك لەو شوێنانە، گۆڕی بە كۆمەڵی ئەنفالكراوەكانن.

مانگی رابردوو، گۆڕێكی بە كۆمەڵ لە پارێزگای سەماوە دۆزرایەوە، كە ڕووفاتی (174) ژن و منداڵی تێدابوو، ڕووفاتەكان ڕەوانەی پزیشكی دادوەری عێراق كراون بۆ پشكنین.

(سالار مەحمود) راوێژكار لە سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، كە هەفتەی رابردوو سەردانی پزیشكی دادوەری بەغدای كردووە، بەدەنگی ئەمریكای وت: تیمێكی پسپۆر سەرقاڵی پشكنینی ڕووفاتەكانن.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بڕیارە دوو گۆڕی تری بە كۆمەڵ لە پارێزگای سەماوە هەڵبدرێنەوە، دوای هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانەو تەواو بوونی رێكار یاساییەكان، وەك ئەو وتی: مەراسیمێكی گەورەو شایستەیان بۆ رێكدەخرێت و ڕووفاتەكان دەگەڕێندرێنەوە بۆ كوردستان.

بەپێی قسەی راویژكارەكەی سەرۆكایەتی كۆمار، (249) شوێن دەستنیشانكراون، گومان دەكرێت سەرجەم ئەو شوێنانە گۆڕی بە كۆمەڵی سەردەمی رژێمی بەعس بن.

(جەبار عومەر) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكانی ناوچەی گەرمیان رایگەیاندووە، ڕۆژانی داهاتوو كۆبوونەوەیەك لە وەزارەت ئەنجام دەدرێت، دواتر دەگەڕێینەوە بۆ پارێزگای سەماوە بۆ هەڵدانەوەی دوو گۆڕی تری بە كۆمەڵ.

ئەنجامدانی پشكنین بۆ ڕوفاتی قوربانیانی نێو گۆڕە بە كۆمەڵەكەی پارێزگای سەماوە، لەكاتێكدایە (تەیمور عەبدولڵا) ی ڕزگاربووی ئەنفال كە پێیوایە سەرجەم قوربانیەكانی نێو گۆڕەكە كەس و كارەكەین، رەخنەی لە چۆنیەتی هەڵدانەوەی گۆڕەكە هەیەو سكاڵای تۆمار كردووە.