لە ئەمڕۆوە هاوردەكردنی‌ تەماتە بۆ هەرێم قەدەغە دەكرێت

01/09/2019 - 10:00 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

وەزیری كشتوكاڵ وسەرچاوەكانی ئاو ڕایدەگەیەنێت: بڕیاری هاوردەكردنی تەماتەی لە هەموو ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە بۆ ناو هەرێم دەركرد، بڕیارەكە لە ئەمڕۆوە دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە .


بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ وسەرچاوەكانی ئاو لە ڕاگەیەنروێكدا كە وێنەیەكی دەست كوردیو كەوتووە ڕایگەیاند: هاوردەكردنی تەماتەی لە هەموو ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە بۆ ناو هەرێم قەدەغەیەو بڕیارەكە لە (1/9/2019)ەوە دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوەو و كاری پێدەكرێت تاكو ئەوكاتەی بازاری ناوخۆیی هەرێم پێویستی بەهاوردەكردنی بەرهەمی تەماتە دەبێت و بڕیاری نوێ دەردەچێت بۆ ڕێگەپێدان بە هاوردەكردن.


ئاماژەی بەوەشداوە: بڕیارەكەی وەزیری كشتوكاڵ بە پشت بەستن بە یاسای پاراستن و پێشخستنی بەروبوومی كشتوكاڵی ژمارە (4) ساڵی (2008) و نووسراوی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران (6547) لە 22/10/2014 تایبەت بە پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی دەركراوەو دەركردنی ئەم بڕیارە هەنگاوێكی دیكەی وەزارەتی كشتوكاڵە بە ئاراستەی پاراستنی بەروبوومی ناوخۆیی.