توێژێك لە موچەخۆرانی هەرێم تەنیا یەك موچەی تر وەردەگرن

01/09/2019 - 16:02 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

بەهۆی كۆتایی هاتنی وادەی ئەو یاسایەی كە لە پەرلەمانەوە تایبەت بە ماف و ئیمتیازاتی زیندانیان سیاسی دەرچووە، بەشێك لەزیندانیانی سیاسی تەنیا یەك موچەی دیكە وەردەگرن و كۆتایی بە پێدانی مینحەكەیان دێت، سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیش لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت: ناتوانین هیچیان بۆ بكەین.

بەشێكی زۆر لەزیندانیانی سیاسی، بەهۆی ئەوەی ماوەی پێدانی مینحەكەیان كە (10) ساڵە تەواو دەبێت، موچەكەیان رادەگیرێت و تەنیا موچەی مانگی شەش وەردەگرن.

سەوسەن محەمەد، سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و قوربانیانی جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی لەپەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند: مینحەكەی زیندانیانی سیاسی بەپێی یاسای رێكخراوەو لەدوای (10) ساڵ دەبڕدرێت، ئێمە ناتوانین هیچیان بۆ بكەین.

ناوبراو بۆ سایتی سلێمانی وتیشی:" وەزارەتی شەهیدان داوایكردووە موچەی زیندانیانی سیاسی بخرێتەسەر بەغدا، بەڵام تائێستا یەكلایی نەبۆتەوە، چاوەڕوانی ئەوەین بزانین وەزارەتەكە لەگەڵ دەزگای زیندانیانی سیاسی عیراق دەگاتە كوێ، ئایا رێككەوتن دەكەن یان نا".

بەگوێرەی زانیارییەكان كە دەست كوردیو ، دەزگای زیندانیانی سیاسی عیراق بەشێوەیەكی مەبدەئی ڕەزامەندی پیشانداوە موچەی زیندانیانی سیاسی عیراق بخرێتەسەر بەغدا، بەڵام پێویستە بەهەمان پێوەرو مەرجەكانی عیراق زیندانیانی سیاسی هەرێم ڕێكبخرێنەوە، لەوبارەیەوەشەوە، سەوسەن محەمەد دەڵێت: "ئێمە لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان كۆبوونەوەمان كردووەو بۆ گواستنەوەی موچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی بۆ سەر بەغدا، پێویستە هەندێك لەیاساكان هەموار بكرێنەوە، دەمانەوێت یاساكان بەشێوەیەك هەموار بكرێتەوە كە لەبەرژەوەندی كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسیدا بێت، بۆئەوەش كۆبوونەوەی زیاتر لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان دەكەین".