روونكردنەوە لەبارەی مووچە دەدرێت

02/09/2019 - 08:18 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی داهاتی مووچەو چۆنیەتی دابەشكردنی مووچە ڕوونكردنەوە دەدات.

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند: داهاتی سامانە سروشتییەكان بۆ دابینكردنی مووچە هیچ كێشەیەكی نییەو ئامادە دەبێت، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن كێشە بۆ ئەو داهاتە دروست بووبێت كە بۆ مووچە دابین دەكرێت، هیچ بنەمایەكی نییەو ڕاست نییە.

ڕوونیشی كردەوە: هیچ كورتهێنانێك لە پارەی مووچە ڕووی نەداوە، وەكوو مانگەكانی پێشوو بە داهاتی سامانە سروشتییەكان و داهاتی ناوخۆ دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت، پاشانیش بە پارەكەی بەغدا بەشی دووەمی دابەشكردنی مووچە تەواو دەكرێت.

داهاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ مووچە زیاتر لە (378) ملیار دینارەو پارەكەی بەغداش (453) ملیار دینارە.

ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی بۆ باس نیوز ئاشكراشی كرد، لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 6 دەكرێت و خشتەكەش وەكوو مانگەكانی پێشووتر دەبێت.

(د. ئەحمەد سەفار) بڕیاردەری لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: مووچەی ئەو چەند مانگەی ئەمساڵی فەرمانبەرانی كوردستان لە بەغداوە بۆ كوردستان بەردەوام دەبێت و كێشەی تێدا نییە، تا (31/12) مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان جێگیر كراوەو دەنێردرێت، لە هەرێمی كوردستانیش بە داهاتی نەوت و ناوخۆ بەشەكەی دیكە بۆ پێدانی مووچە تەرخان دەكرێت.