وتەبێژی پارتی: كاندیدی پارێزگاری كەركوك یەكێتی نییە

02/09/2019 - 11:17 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


وتەبێژی فەرمی پارتی باس لە ڕای فەرمی حیزبەكەی دەكات لەبارەی كەركوك و ڕایدەگەیەنێت: كاندیدی پارێزگاری كەركوك كاندیدی یەكێتی نیە، بەڵكو هی لیستی برایەتیە و ئەو لیستە دەتوانێت پارێزگار بۆ پۆستەكەی دیاری بكات.


مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمی پارتی ڕایگەیاند: لەسەر بابەتی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی و هەموو لایەنەكانی تر كۆدەبینەوە هەوڵدەدەین پێكەوە بیروبۆچونەكان تاووتوێ بكەین و بڕیاری هاوبەش بدەین و هەوڵی ئەوەدەدەین كە هەموو لایەنە كوردییەكان لەكەركوك هاوهەڵوێست بین ئەگەر بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك-مان كرد پێكەوە بەشدار بین ئەگەریش بەشدار نەبین ئەوا هەر پێكەوە بڕیار بدەین.


هەروەها ووتیشی: ئێمە پشكی پارێزگاری كەركوك-مان نەداوە بەیەكێتی ئەو كاندیدە "بەڕێزەی" كەهەیە كاندیدی لیستی برایەتی-یە كە لەهەموو لایەنە سیاسیە كوردییەكانی كەركوكه، وە هەندێك لەتوركمان و عەرەبیش، لەبەر ئەوە نەخێر ئەو كاندیدەی ئێستای پۆستی پارێزگاری كەركوك كاندیدی یەكێتی نیە بەڵكو هی لیستی برایەتیە و ئەو لیستە دەتوانێت پارێزگار بۆ پۆستەكەی دیاری بكات.


مەحمود محەمەد كە بەدەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، ووتیشی: بەبۆچونی ئێمە دەبێت لایەنەكانی تریش بۆچونیان وەربگیرێت وە بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەكی هاوبەشی هەردولامان (پارتی و یەكێتی) لەچەند ڕۆژی ئایندەدا سەردانی بەغداد دەكەن تا لەوێ نوێنەرانی عەرەب و توركمان ببینن تا ئەوانیش ڕەزامەندییان لەسەری هەبێت چونكە ئەم پارێزگارە هی كورد و عەرەب و توركمان و هەموو پێكهاتەكانی كەركوك دەبێت، ئەو بابەتە دراوەتە دەست لیژنەیەكی تایبەت وە ئەو لیژنەیە ئێستا كار لەسەر ئەوە دەكات.