بەرپرسی كەناڵی سپێدە: بڕیارەكەی دادگا پێچەوانەی یاسای كاری ڕۆژنامەوانییە

02/09/2019 - 13:08 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

بەهۆی بەرگریكردن لەلایەنە ئەخلاقی و بەها باڵاكانی كۆمەڵگە، بەڕێوەبەری گشتی كەناڵی سپێدە لەسەر سەماكارانی ناو حەرەمی زانكۆی دهۆك دەدرێتە دادگا، بەڕێوەبەری كەناڵەكەش دەڵێت: بڕیارەكەی دادگا پێچەوانەی یاسای كاری رۆژنامەوانییە.

بەپێی نوسراوێك كە بنكەی پۆلیسی خەبات بەژمارە 111/2019 ئاراستەی كراوە بڕیارە ئەمڕۆ عەبدولكەریم ئەحمەد بەڕێوەبەری كەناڵی ئاسمانی سپێدە لەدادگا ئامادەبێت.

لەو بارەیەوە عەبدولكەریم ئەحمەد بەڕێوەبەری كەناڵی سپێدە رایگەیاند: بانگهێشتكردنیان بەهۆی هێنانی گروپێكی راقیسەو نمایشكردنیانبووە لەنێو حەرەمی زانكۆی دهۆك بەشێوەیەك كە دوورە لەهەموو نەریت و بەهاكایەكی ئایینی و كەلتوری كۆمەڵگەی كوردی.

وتیشی: ئێمە ئامادەین بچینە دادگاو بەرگریكردن و گواستنەوەی رای خەڵكی بەئەركی میدیایی خۆمان دەزانین.

سەبارەت بەبڕیارەكەی دادگای دهۆك بەڕێوەبەری سپێدە دەڵێت: ئەم بڕیارەی دادگا پێچەوانەی یاسای ژمارە 35ی 201 ی كاری رۆژنامەوانیە چوونكە بەپێی یاسا نابێت رۆژنامەنوس بەپێی یاسای سزادانی عێراقی دادگایی بكرێت.

دوای ئەوەی گروپێكی سەماكاری سریلانكی لەلایەن زانكۆی دهۆكەوە دوور لە هەموو بەها كۆمەڵایەتی و مەعریفیەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری لەناو حەرەمی زانكۆ نمایشێكی نەشیاویان ئەنجامدا راستەوخۆ زۆرێك لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و كەسایەتی ئایینی هاتنە سەر هێڵ و هێنانی گروپێكی لەو شێوەیە ناڕەزایی تۆڕەكۆمەڵایەتیەكانیشی بەدوای خۆیدا هێنا.

هاوكات كەناڵی ئاسمانی سپێدە وەك دەربڕی هەست و سۆزی خەڵكی كوردستان كە كۆمەڵگەیەكی ئایینیەو خاوەن بەهاو ئەخلاقیاتی تایبەت بەخۆیەتی لەڕێگەی راپۆرتێكەوە لەسەر زاری كەسایەتی و خەڵكی كوردستان هێنانی گروپێكی لەو جۆرەی رەتكردەوە.


دەقی هەواڵی پەیوەندیدار...