پەرلەمانتارێك: دەبوو داواكاری گشتی بەدواداچون بۆ هێنانی سەماكاری بیانی بكات

03/09/2019 - 10:48 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕەخنەی توند لە داواكاری گشتی دهۆك دەگرێت و رایدەگەیەنێت: لەبری ئەوەی بەرگری لەمافی گشتی و بەدواداچوون، سكاڵا لەسەر پەرلەمانتار و بەڕێوەبەری كەناڵی سپێدە دەكات.


سەرچنار ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە كوردیوی ڕاگەیاند: داواكاری گشتی لە دهۆك لەبری ئەوەی بەرگری لەمافی گشتی و بەدواداچوون لەسەر هێنانی تیپی سەماكەری بیانی بۆناو حەرەمی زانكۆ پاراستنی ئەخلاقی كۆمەڵگە بكات، سكاڵا لەسەر پەرلەمانتارو بەڕێوەبەری كەناڵی سپێدە دەكات.

 

بەپێی نوسراوێك كە بنكەی پۆلیسی خەبات بەژمارە 111/2019 ئاراستەی كرابوو ئەمڕۆ عەبدولكەریم ئەحمەد بەڕێوەبەری كەناڵی ئاسمانی سپێدە لەدادگا ئامادە بوو.

 

دوای ئەوەی گروپێكی سەماكاری سریلانكی لەلایەن زانكۆی دهۆكەوە دوور لە هەموو بەها كۆمەڵایەتی و مەعریفیەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری لەناو حەرەمی زانكۆ نمایشێكی نەشیاویان ئەنجامدا راستەوخۆ زۆرێك لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و كەسایەتی ئایینی هاتنە سەر هێڵ و هێنانی گروپێكی لەو شێوەیە ناڕەزایی تۆڕەكۆمەڵایەتیەكانیشی بەدوای خۆیدا هێنا.

 

هاوكات كەناڵی ئاسمانی سپێدە وەك دەربڕی هەست و سۆزی خەڵكی كوردستان كە كۆمەڵگەیەكی ئایینیەو خاوەن بەهاو ئەخلاقیاتی تایبەت بەخۆیەتی لەڕێگەی راپۆرتێكەوە لەسەر زاری كەسایەتی و خەڵكی كوردستان هێنانی گروپێكی لەو جۆرەی رەتكردەوە.