وه‌زیری دارایی هه‌رێم ده‌سه‌ڵاته‌كانی زیاتر ده‌بێت

03/09/2019 - 16:27 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ده‌سه‌ڵاته‌كانی وه‌زیری دارایی هه‌رێم زیاتر ده‌بێت و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌سه‌ڵاتى گشت خەرجییەكانی مووچە، نه‌سریه‌ى گشتیى فه‌رمانگه‌كان، چه‌ندین ده‌سه‌لاتی ماددی تر به‌و وه‌زیره‌ ده‌به‌خشێت

به‌پێى بڕیارێكى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمى كوردستان، له‌مه‌ودوا ده‌سه‌ڵاتى گشت خەرجییەكانی مووچە، نه‌سریه‌ى گشتیى فه‌رمانگه‌كان، ئیشكگرى، كرێی مانگانە، پێشینەكان، خواردن و پاككردنەوە، چاپكردن، هێلى ئینته‌رنێت، كڕینى درەمان، گشت خەرجییەكانی حكومەت، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تى دارایى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و هیچ وه‌زیرێك ده‌سه‌ڵاتى سه‌رفكردنى نییه‌ به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ وه‌زیرى دارایى.

به‌پێى بڕیاره‌كه‌ى مه‌سرور بارزانى، ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ى كه‌ داهاتى خۆشیان هه‌یه‌، له‌مه‌ودوا ناتوانن داهاته‌كه‌یان وه‌كو پێشووتر به‌كاربهێنن به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تى دارایى و هیچ وه‌زاره‌تێكیش بۆى نییه‌ داواى رێژه‌ى له‌ (10% بۆ 15%) له‌ داهاته‌كانى خۆى له‌ وه‌زاره‌تى دارایى بكات، به‌مه‌به‌ستى به‌كارهێنانه‌وه‌.