دواین زانیاری له‌سه‌ر تابلۆی ئۆتۆمبێلی پارێزگای هه‌له‌بجه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌

04/09/2019 - 15:07 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا هه‌ریه‌كه‌ له‌ پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رى هاتوچۆى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ورده‌كارى چۆنیه‌تى فرۆشتنى تابلۆى ئۆتۆمبێلى هه‌ڵه‌بجه‌یان بۆ كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندن خسته‌ڕوو كه‌ وابڕیاره‌ له‌ 16ى ئه‌م مانگه‌وه‌ ده‌ستبكرێت به‌ فرۆشتنى تابلۆكان.

له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا ئازاد تۆفیق، پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: له‌ ئێستادا ده‌رگاى خۆتۆماركردن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت ببنه‌ خاوه‌نى ژماره‌ (1)ى تابلۆى ئۆتۆمبێل تا ژماره‌ (9) بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سه‌رجه‌م هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌توانن ببنه‌ خاوه‌نى ئه‌و ژمارانه‌ كه‌ له‌ زیادكردنێكى ئاشكرادا ده‌ستده‌كرێت به‌فرۆشتنیان.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: رۆژى 15ی ئەیلولی 2019 كۆتاڕۆژه‌ بۆ خۆتۆماركردن بۆ كڕینى تابلۆكان و ڕۆژى 16ی ئەیلولی 2019 ده‌ستده‌كه‌ین به‌ فرۆشتنى تابلۆكان، به‌جۆرێك كه‌ نرخه‌كان له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ دیاریكراون.

هه‌ر له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا عه‌مید حه‌سه‌ن عه‌بدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌رى هاتوچۆى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: سه‌رجه‌م كاروباره‌كانى تایبه‌ت به‌ ده‌ستبه‌كار بوونى ئه‌و كۆمپانیایه‌ى كه‌ هه‌ڵده‌ستێت به‌ دروستكردنى تابلۆكان به‌ كۆتا گه‌یشتووه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا ده‌ستده‌كه‌ین به‌ دروستكردنى تابلۆكان، هاوكات سه‌رجه‌م هاووڵاتیان ده‌توانن تابلۆى ئۆتۆمبێله‌كانیان له‌ پارێزگاكانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ بگوازنه‌وه‌ سه‌ر پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌.

به‌ گوێره‌ى ئه‌و نرخانه‌ى كه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ دیاریكراون، تابلۆى ژماره‌ (1) به‌ بڕى (1) ملیار دینار و ژماره‌ (2 تا 9) به‌ بڕى 600 ملیۆن دینار ده‌فرۆشرێن، هه‌روه‌ك له‌ ژماره‌ (10) بۆ ژماره‌ (99) به‌ 300 ملیۆن دینار ده‌فرۆشرێن و ژماره‌ 1988 مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ناكرێت و نافرۆشرێت و له‌ مۆنۆمێنتى هه‌ڵه‌بجه‌ داده‌نرێت.