یه‌كێتى راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكردەوە

04/09/2019 - 18:27 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 5ى ئابى 2019 كۆبوونه‌وه‌ى مه‌كته‌بی سیاسى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان له‌ سلێمانى كۆتاییهات و راگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تیایدا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ له‌باره‌ی چواره‌مین كۆنگره‌وه‌ ئاماده‌كاری پێویست له‌ماوه‌ی دیاریكراودا، ته‌واوبكرێت ‌و له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی دا، كه‌ رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌و پێشنیاز‌و رێوشوێنانه‌ی بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ له‌ئارادان، تاوتوێ ده‌كرێن به‌مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردنیان.

ده‌قى راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ (4/9/2019) به‌سه‌رپه‌رشتی كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی جێگری سكرتێری گشتی‌و ئاماده‌بوونی د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د صالح جێگری دووه‌می سكرتێری گشتی، مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی له‌ سلێمانی ئه‌نجامدا.


له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا، دوایین پێشهات‌و گۆڕانكارییه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان‌و عێراق‌و ناوچه‌كه‌، هه‌ڵسه‌نگاندنی كاروباری حزبی‌و رێكخراوه‌یی، به‌تایبه‌تی به‌ستنی چواره‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتی تاوتوێ كران.
له‌باره‌ی چواره‌مین كۆنگره‌وه‌، جه‌ختكرایه‌وه‌، كه‌ ئاماده‌كاری پێویست له‌ماوه‌ی دیاریكراودا، ته‌واوبكرێ، له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی دا، كه‌ رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو به‌رێوه‌ده‌چێت، ئه‌و پێشنیاز‌و رێوشوێنانه‌ی بۆ به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووی هه‌ڤاڵانه‌ له‌ئارادان، تاوتوێ ده‌كرێن به‌مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردنیان.


له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا، كاروباری حكومه‌تی هه‌رێم هه‌ڵسه‌نگێنرا، له‌مرووه‌وه‌، جه‌خت كرایه‌وه‌ له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ته‌واوی ناوه‌رۆكی رێكه‌وتنی سیاسی نێوان یه‌كێتی‌و پارتی و كارنامه‌ی حكومه‌ت.
كۆبونه‌وه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی، به‌پێویستی ده‌زانێت، بۆ ئه‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌ لیستێكی هاوبه‌شی كوردستانی، به‌به‌شداری لایه‌نه‌ سیاسیه‌ كوردستانیه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق پێكبهێنرێت، به‌تایبه‌تی له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، كه‌ بڕیاره‌ له‌ (1)ی نیسانی ساڵی داهاتوو به‌رێوه‌ بچێت.