نەتەوە یەكگرتووەكان: نیگەرانییەكانی هەرێمی كوردستان بەهەند وەردەگرین

05/09/2019 - 10:19 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


پاشنیوەڕۆی دوێنێ چوارشەمە ٤ی ئەیلولی ۲۰۱۹، شاندێكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكانی لە بەغدا كردو نیگەرانییەكانی هەرێمی كوردستانیان سەبارەت بە كۆمەڵێك بابەت كە لەڕووی دەستوورەوە مافی هەرێمی كوردستانە گەیاندە نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان.

 

مەبەستی سەردانی شاندەكەی پەرلەمانی كوردستان بۆ گەیاندنی نیگەرانیی هەرێمی كوردستان بوو سەبارەت بە كۆمەڵێك بابەت كە لەڕووی دەستوورەوە مافی هەرێمی كوردستان پێشێل دەكات، لەوانە یاسای ئیدارەی مالی و ڕەشنووسی قانونی خدمەی مەدەنی، هەروەها نیگەرانیی هەرێم سەبارەت بە سستیی ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخی كەركوك و نیگەرانیی هەرێم سەبارەت بە مادەی ۱٦ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق كە مافی ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییان پێشێل دەكات لە دەنگدان.


لەبەرامبەردا نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق ڕایگەیاند: نیگەرانییەكانی هەرێمی كوردستان بەهەند وەردەگرین و هەوڵی جدی دەدەین بۆ نێوەندگیری و چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.