هه‌فته‌ی داهاتوو ئه‌م پاره‌یه‌ دابه‌شده‌كرێت

06/09/2019 - 10:43 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

له‌باره‌ی دابه‌شكردنی بڕەپارەیەکەوە، وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازیی زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات و به‌ڕێوه‌به‌رێكی‌ گشتییش لەو وه‌زاره‌ته‌ رایده‌گه‌یه‌نێت: "تائێستا سێ به‌شی پاره‌ی گه‌نمی جووتیارانی ئه‌مساڵ له ‌به‌غداوه‌ گه‌شتووەته‌ هه‌رێم".

 

نه‌وزاد ئه‌دهه‌م به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی له ‌وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازیی هه‌رێم رایگه‌یاندووە: "تائێستا سێ به‌شی پاره‌ی ئه‌مساڵی‌ گه‌نمی جووتیاران له ‌به‌غداوه‌ گه‌یشتووەته‌ هه‌رێم، به‌جۆرێك به‌شی یه‌كه‌می پاره‌كه‌ (15 ملیار) دینار و به‌شی دووه‌میش (30 ملیار) و سێیه‌میش (60 ملیار) دیناره‌".

 

لەو لێدوانەیدا ئەوەشی ئاشكراکردووە کە "به‌شی سێیه‌می پاره‌كه‌ كه‌ (60 ملیار) دیناره‌، بۆ هه‌رسێ پارێزگای (سلێمانی‌، هه‌ولێرو دهۆك)ه ‌و ئێستاش پارێزگای دهۆك ده‌ستیکردووە به ‌دابه‌شكردنی به‌شی سێیه‌می پاره‌كه‌ و دەشڵێت: "هه‌فته‌ی داهاتوو لە هه‌ولێر و سلێمانیش ده‌ستپێده‌كرێت".

 

روونیشیکردووەیەوە کە "تائێستا زیاتر له ‌نیوه‌ی پاره‌ی ئه‌مساڵی‌ گه‌نمی جووتیاران گه‌یشتووەته‌ هه‌رێم و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، به‌شه‌كانی دیكه‌ی پاره‌كه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌ك له ‌به‌غداوه‌ بە وەجبە بنێردرێت".