لەبارەی موچەوە سبەینێ كۆبوونەوەیەكی گرنگ ئەنجامدەدرێت

07/09/2019 - 18:34 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

سبەینێ كۆبوونەوەیەكی ڕاوێژكاری لەنێوان نوێنەرانی كورد لەبەغداو سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم لەشاری هەولێر ئەنجامدەدرێت، ئەندامێكی لیژنەكەش رایدەگەیەنێت: كۆبوونەوەكە بۆ گفتوگۆكردنە لەسەر كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەتایبەتی موچەی فەرمانبەران.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەران، ڕايگەیاند: ئەو كۆبوونەوەیەی بڕیارە سبەینێ 8ی 9ی 2019، لەنێوان سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم و نوێنەرانی كورد لەبەغدا ئەنجامبدرێت، بانگهێشتكردن نییە لەلایەن سەرۆكایەتی حكومەتەوە بۆ نوێنەرانی كورد، بەڵكو كۆبوونەوەیەكی راوێژكارییەو لەسەر ئەو بنەمایەش كۆبوونەوەكە ئەنجام دەدرێت و تایبەتە بە كێشە هەڵپەسێرداوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.

ناوبراو بؤ سايتى سلێمانی وتیشی : چاوەڕواندەكرێت لەكۆبوونەوەكەدا باس لەكێشەی موچەی فەرمانبەران و بودجەی 2020 و پرسی رادەستكردنی نەوتی هەرێم بكرێت، لەگەڵ ئەو بابەتانەی كە بوونەتە كێشەو گرفت لەنێوان هەرێم و بەغدا.