ڕونكردنەوە لەبارەی پێدانی ڕۆژێك ئۆف بۆ مامۆستایان دەدرێت

09/09/2019 - 09:51 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

پەروەردە ڕونكردنەوە لەبارەی پێدانی رۆژێك ئۆف بەمامۆستایان لە "ساڵی خوێندنی 2019-2020" دەدات، بەرپرسێكی یەكێتی مامۆستایانیش رایدەگەیەنێت: بەڕێوەبەری خوێندنگەكان دەتوانن لەخشتەی ڕۆژانی هەفتەدا، هەموو مامۆستایەك رۆژێكی وەكو ئۆف بۆ دابنرێت، بەو مەرجەی خشتەی بەشەوانەكان رێكبخرێت.

عومەرمحەمەد، یاریدەدەری بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاندوه‌، تائێستا هیچ بڕیارێك نەدراوە بۆ هاوكاریكردنی مامۆستایان بە پێدانی رۆژێك پشوو لە هەفتەیەكدا، نازانین چ بریارێكیش بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەدرێت.

ناوبراو وتیشی: ئەو خوێندنگەیانەی، كە دەوامیان ئێوارانە، ئۆفی رۆژانی پێنجشەممەیان دەمێنێتەوە ئەگەر رێنمایی نوێیان بۆ دەرنەچێت .

لای خۆشیەوە عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، له‌ لێدوانێكدا بۆ سایتی ئێس ئێن ئێن وتی: لە ساڵانی رابردووشدا كە پێدانی موچە گرفتی نەبووەو و دەوام ئاسایی بوو، تاڕادەیەك لە زۆرینەی خوێندنگەكاندا هەفتانە رۆژێك هاوكاری مامۆستایان كراوە، كە ئەوەش لەدەسەڵاتی بەرێوەبەری خوێندنگەكاندا بووە.

ناوبراو وتیشی: هاوكاریكردنی مامۆستایان بە پێدانی رۆژێك پشوو لە هەفتەیەكدا، دەكەوێتە سەرشانی بەرێوەبەری خوێندنگەكان، كە ئەگەر خشتەو بەشەوانەی مامۆستایان رێكبخەن دەتوانن رۆژێك هاوكاری مامۆستایان بكەن، بە تەناوب هەر رۆژەو مامۆستایەك ئۆف وەربگرێت و ئەگەر كاری فەرمانگەیەكی حكومی هەبوو یاخود هەر كارێكی دیكەی هەبوو لەو رۆژەدا رایی بكات، ئەو هاوكارییەش نایاسایی نییەو بەڕێوەبەری خوێندنگەكان دەتوانن بەگوێرەی خشتەی بەشەوانەی مامۆستاكانیان، بە ئەنجامی بگەیەنن.