نه‌وزاد هادی هاته‌ده‌نگ.. ده‌ستم له‌كارنه‌كێشاوه‌ته‌وه‌

10/09/2019 - 09:49 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

نه‌وزاد هادی ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌، له‌پۆستی پارێزگاری هه‌ولێر لادرابێت و بێئاگایی خۆشی له‌دانانی فرسه‌ت سۆفی له‌پۆسته‌كه‌ی ڕاده‌گه‌یه‌نێت، ده‌شڵێت ده‌ستم له‌كارنه‌كێشاوه‌ته‌وه‌و هیچ شتێكی فه‌رمی نیه‌، ده‌شڵێت: "له‌ 16 ساڵدا، 14 هه‌زارو 300 پرۆژه‌ له‌هه‌ولێر جێبه‌جێكراوه‌".

نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر ڕایگه‌یاند: ده‌ستم له‌كارنه‌كێشاوه‌ته‌وه‌و هیچ شتێكی فه‌رمی-ش نیه‌ له‌پۆسته‌كه‌م به‌رده‌وامم و وه‌ك خۆیه‌تی، ئه‌وه‌ بڕیاری پارتیه‌ كه‌ گۆڕانكاری له‌هه‌ندێك له‌ پۆسته‌كاندا بكات، به‌ڵام تا ئێستا تایبه‌ت به‌ پۆستی پارێزگاری هه‌ولێر هیچ شتێكی فه‌رمی نه‌هاتووه‌، نامه‌ی ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌شم نه‌داوه‌ته‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا.

له‌و لێدوانه‌یدا بۆ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا، نه‌وزاد هادی ئاشكراشیكردوه‌، " پارتی بڕیاری كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری هه‌یه‌ ئه‌مه‌ش سروشتییه‌ و ئێمه‌ش جێبه‌جێی ده‌كه‌ین.

سه‌باره‌ت به‌وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگاریش، ئه‌وه‌یخستۆته‌ڕوو، " تا ئێستا هیچ ئه‌مرێكی فه‌رمی ده‌رنه‌چووه‌، به‌ڵام به‌ڵێ مه‌علومه‌ كه‌ پارتی كۆمه‌ڵێك بڕیاری گۆڕانكاری هه‌یه‌ له‌زۆر پۆست و پله‌و پایه‌كان، به‌ڵام ورده‌كارییه‌كان نازانم چونكه‌ من له‌و لیژنانه‌ نیم".

ژماره‌ی پرۆژه‌كانشی له‌ماوه‌ی 16 ساڵی پارێزگاردا ئاشكراكردوه‌و وتویه‌تی: " پارێزگار سه‌رۆكی حكومه‌تی محه‌لیه‌ وه‌ من پارێزگاری هه‌ولێری پایته‌خت بووم كه‌ هه‌موو داموده‌زگاكانی حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تیه‌كان و دامودزگاكان و حیزبه‌كان و كونسڵخانه‌كان له‌وێن بۆیه‌ شتێكی ئاساییه‌ تێكهه‌ڵكێشی ده‌سه‌ڵاته‌كان هه‌بووه‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای به‌ربه‌سته‌كان، زیاتر له‌14 هه‌زارو 300 پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ و بچوك و مام ناوه‌ند جێبه‌جێكراوه‌ كه‌ تێچوویان زیاتر له‌ 10 ملیار دۆلار بووه‌.

له‌باره‌ی پۆستی داهاتووشی، نه‌وزا هادی ئاشكرایكردوه‌، به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی فرمانی لادانم نه‌هاتووه‌ بۆیه‌ پێش "حه‌ده‌س" ناكه‌وم و چاوه‌ڕێی فرمانی سه‌روخۆمم، جارێ هیچیان پێ نه‌وتوم چ پۆستێكم ده‌ده‌نێ."