لە ساڵی نوێوە مووچەی فەرمانبەران زیاد دەكرێت

10/09/2019 - 10:08 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق ئاشكرای دەكات، كە لە بودجەی ساڵی نوێ‌ پشكی دامەزراندن و زیادكردنی بڕێك لە مووچە بۆ فەرمانبەران لەخۆدەگرێت.

حەنین قەدۆ، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە لە بودجەی ساڵی 2020 بڕێك پارە بۆ مووچەی فەرمانبەران زیاد دەكرێت و لەهەمان كاتیشدا پشك بۆ دامەزراندنی نوێ‌ دیاری دەكرێت.

ڕاشیگەیاندووە، كە داڕشتنەوەی پڕۆژە یاسای بودجە لە كۆتاییدایە و چەندین پێشنیار و بۆچوون لەلایەن وەزارەتەكانی دارایی و پلاندانانەوە خراونەتەڕوو، بۆیە دواین داڕشتنەوە بۆ پڕۆژە یاسای بودجە دەكرێت و لەوەزارەتی داراییەوە دەدرێت بە ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی شورا و دواتر لە مانگی 10 ڕەوانەی پەڕلەمان دەكرێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بابەتی دامەزراندنی هەزاران دەرچوو لە وەزیفەی حكومی كارێكی نا عەقڵانیە، چونكە حكومەت توانای وەرگرتنی ئەو هەموو كەسەی نییە، بۆیە دەبێت هانی كەرتی تایبەت بدرێت لەڕێگەی پڕۆژەی ستراتیجیەوە و هاندانی وەبەرهێنان و داڕشتنی یاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتی، كە ڕێگە بەوانە دەدات، كە لە كەرتی تایبەت كاردەكەن بە مووچەیەكی دیاریكراو خانەنشین ببن.

ئاشكراشی كردووە، لە ئێستادا نزیكەی 40 هەزار دەرچوو هەیە، كە كەڵەكەبووی ساڵانی پێشووە و حكومەت ناتوانێت هەمووی لەخۆبگرێت و دایان بمەزرێنت.