بە فەرمی پارتی كاندیدی نوێی بۆ پارێزگاری هەولێر دیاركرد

10/09/2019 - 17:39 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

پارتی بەفەرمی کاندیدی نوێی پارێزگارى هه‌ولێری پێشکەشی ئەنجومەنی پارێزگا کردو بڕیاریشە پێنجشەمەی داهاتوو ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر كۆببێتەوە لەسەر پرسی گۆڕانكاری لەپۆستی پارێزگار.

بەپێی نووسراوێک کە وێنەیەكی بە كوردیو گەیشتوە ، سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان سیڤی کاندیدی بۆ پارێزگاری نوێی هەولێر پێشکەشی ئەنجومەنی پارێزگا کرد و لە ئەنجومەنی پارێزگاش پەسەندکرا.

کاندیدەکەی پارتی بۆ پارێزگارى نوێی هه‌ولێر، فرسەت سۆفی پەرلەمانتاری پێشووی ئەو حیزبەیە و پێشتر مامۆستای زانکۆ بووە، دوای ئەوەی رەزامەندی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بەدەستده‌هێنێت، وەک پارێزگاری نوێ ده‌ستبه‌كار ده‌بێت.

بە گوێرەی بەرنامەی كاری كوبونەوەی ڕۆژی پێنجشەمەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر باس لە گواستنەوەی ڕاژەی نەوزاد هادی دەكرێت بۆسەر میلاكی سەرؤكایەتی هەرێم دواتریش سیڤی كاندیدی پارێزگاری هەولێر دەخوێندرێتەوەو دەنگی لەسەر دەدرێت.

ئەلبوومی وێنەکان