واده‌ی گه‌یشتنی پاره‌كه‌ی به‌غدا راگه‌یه‌نرا

14/09/2019 - 09:05 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

به‌رپرسێك له‌ وه‌زاره‌تی "بازرگانی" هه‌رێم رایگه‌یاند، حكومه‌تی عێراق له‌ رۆژانی داهاتوو بڕی 51 ملیار دیناری پاره‌ی گه‌نمی جوتیاران ره‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كات.


له‌ لێدوانێكدا نه‌وزاد ئه‌دهه‌م به‌ڕێوبه‌ری دیوانی وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌رێم رایگه‌یاند: له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراقه‌وه‌ ئاگادار كراونه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ رۆژانی داهاتوودا 51 ملیار دینار ره‌وانه‌ی هه‌ریم ده‌كه‌ن.


وتیشی: بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ك 17 ملیار دینار ره‌وانه‌ ده‌كرێت و به‌ پێی خشته‌یه‌ك ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی پاره‌كه‌ به‌سه‌ر جوتیاراندا ده‌كرێت.


له‌م ساڵدا به‌غدا 354 هه‌زار و 936 ته‌ن گه‌نمی له‌ جوتیارانی هه‌رێم وه‌رگرتووه‌ و كۆی پاره‌كه‌ی 181 ملیار دیناره‌ و له‌و بڕه‌ تا ئێستا 105 ملیار دیناره‌ ره‌وانه‌ كردووه‌.


هه‌رچی په‌یوه‌ندی به‌ پاره‌ی گه‌نمی جوتیارانی هه‌رێم بۆ ساڵانی 2014 بۆ 2016ه‌وه‌ هه‌یه‌ تا ئێستا چاره‌نوسی دیار نییه‌ و یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه‌.